جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لیژنەکەیان لەسەر گرانبوونی نرخی بەنزین کۆدەبێتەوە و وتیشی، لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی نرخەکەی بەردەوامن.
گولیزار سندی جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، وەک لیژنەی سامانە سروشتییەکان چەند پێشنیازێکیان ئامادە کردووە بە مەبەستی ئەوە پێشکەشی حکومەتی هەرێمی بکەن بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ حکومەت لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین.
دەشڵێت بە چەند رێگایەک ئەو کارە دەکرێت لەوانەش، دابینکردنی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی ناوخۆ، دەرکردنی کۆبۆن بۆ ئۆتۆمبێلەکانی تاکسی، رەخساندنی دەرفەتی هێنانی بەنزین بۆ سەرجەم کۆمپانیاکان و نەهێشتنی قۆرخکاری، راشیگەیاند، ئەوان پشتگیری کەمکردنەوەی نرخی بەنزین دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە، نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەرێمدا بەرزبووەتەوە کە بە قۆناغ ئەو بەرزبوونەوەیە روویدا، بەجۆرێک، لە رابردوودا نرخی لیترێک بەنزین لە جۆری نۆرماڵ لە نێوان ٤٥٠ تا ٥٠٠ دیناردا بوو، بەڵام ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزین لەجۆری نۆرماڵ بۆ ٧٠٠ دینار بەرزبووەتەوە.
شـ. فـ
هـ.ئـ