سەردێڕ:

بانکی ناوەندی هەنگاوێکی دیکە بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار دەگرێتەبەر

فۆتۆ: 
2021-06-13

24579 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی عێراق لە هەنگاوێکی دیکەدا بڕی سێ ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار دەخاتە بازاڕەوە.


جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی نرخی نەوت و دۆلار بەرزبووەتەوە لە عێراقدا، بانکی ناوەندی ئەو هەنگاوەی ناوە بۆ دابەزاندن و جێگرکردنی نرخی دۆلار و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستی و خۆراك.

ئاماژەی بەوەشداوە، بانکی ناوەندی رۆژانە لە زیادکردنی ئاشکرادا، بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی، بانکی ناوەندی بڕیارێکی هاوشێوەی دەرکرد بۆ ‌زیادكردنی بڕی دۆلار بۆ بانك و نوسینگە‌كانی ئاڵوگۆڕی دراو، کە بەهۆیەوە نرخی دۆلار بە‌بڕی ٧٥٠ دینار لە‌ ھە‌ر ١٠٠ دۆلارێكدا دابە‌زی.

لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بانکی ناوەندی عێراق نرخی ١٠٠ دۆلاری لە نزیکەی ١٢٠ هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی ١٤٥ هەزار دینار بەرزکردەوە و ئەوەش کاریگەری کردە سەر کار و داهاتی هاوڵاتیان و کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ زیاتر لە ١٥٠ هەزار دینار بۆ یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر دیناری ‏عێراقی؛ بەرزترین نرخ تۆماربکات، کە لە ئێستادا گەیشتووەتە ئەوەی نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٥٠ هەزار و ٢٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئـ.مـ