سەردێڕ:

هۆکاری ناجێگیری نرخی دۆلار لە عێراقدا چییە؟

فۆتۆ: 
2021-06-10

12904 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود داغر شارەزایەکی ئابوریە لە عێراق رایگەیاند، نرخی دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و دابەزین لە بازاڕی دراوەکاندا، کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ناجێگیری دۆخی سیاسی لە وڵاتدا و مامەڵەی بانکی ناوەندی عێراق لەگەڵ دۆخەکەدا.


داغر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاشکرایکرد، نرخی دراوی ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەردەوام دەبێت لەبەرزبوونەوە و دابەزین، ئەوەش بەهۆی بارودۆخی ناجێگیری سیاسەت لەم وڵاتەدا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان؛ کە بەهۆیەوە گۆڕینەوەی دراو لەلایەن سیاسییەکان و ناردنی دۆلار بۆ دەرەوە زیاتر دەبێت.

سەبارەت بەگەیشتنی نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بۆ ١٧٠ هەزار دینار، ئەو شارەزا ئابورییە وتیشی، ئەم هەواڵانە ناڕاست و نادروسته و دەچێتە چوارچێوەی کاری بانگەشەی سیاسییەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە، نرخی دۆلار بە ناجێگیری لە نێوان بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەدایە و بەپێی وتەی شارەزایانیش، "ئەو ناجێگیری و بەرزی نرخی دۆلاری ئەمریکییە بەرامبەر بە دیناری عێراقی، زایانێکی زۆری بەچینی ناوەند و هەژاری کۆمەڵگەی عێراقی گەیاندووە و نرخی پێداویستی و خۆراک بەرزبووەتەوە"، ئەوەش ناڕەزایەتی شەقام و هەندێک لایەنی سیاسیی بەدوای خۆیدا هێناوە.