پارێزگاری سلێمانی بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە بازاڕە جیهانییەکاندا، لەگەڵ باشتربوونی دۆخی کۆرۆنا و زیادبوونی خواست لەسەر بەنزین هۆکارن بۆ گرانبوونی نرخی بەنزین لەسەر ئاستی جیهان، دەشڵێت، "حکومەتی فیدڕاڵی هیچ بڕە بەنزینێک بۆ هەرێم دابینناکات تا پشتیوانیان بکات".
ئەمڕۆ سێشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، یەکێک لە هۆکارە ناوخۆییەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین ئەوەیە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تا ئێستا بڕیاری نەداوە نەوتی خاو بداتە پاڵاوگەکان.
دەشڵێت، حکومەتی هەرێم پلانی نییە پشتیوانی سێکتەرەکان بکات و گاز وایل و بەنزینیان بۆ دابین بکات تا بە نرخی پشتیوانی کراو بگاتە هاوڵاتیان.
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، پاڵاوگەکان لە هەرێمدا بڕی پێویستی نەوتی خاویان پێناگات تا بتوانن بەرهەمەکانیان بهێننە ناو بازاڕی ناوخۆییەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە هۆکارە ناوخۆییەکان، کردنەوەی قوتابخانەکان و دەستپێکردنەوەی دەوامە لە فەرمانگەکانی حکومەت و ئەمەش وای کردووە خواستێکی زۆر لەسەر بەنزین هەبێت و نرخەکەی گرانبێت.
پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشکرد، کە هۆکاری سەرەکی گرانبوونی نرخی بەنزین هۆکارە دەرەکییەکانن؛ وەک بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا و باشتربوونی دۆخی کۆرۆنا، کە وایکردووە لەسەر ئاستی جیهانی خواست لەسەر بەنزین زیادبکات و بەمەش بەشێوەیەکی سروشتی نرخی بەنزینی گرانکردووە.
راشیگەیاند، بەهۆی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و ئەو بەنزینەی لە تورکیا و ئێرانیشەوە هاوردە دەکرێت بۆ هەرتۆنێک بڕی ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ دۆلاری ئەمریکی چووەتەوە سەر.
لەبارەی نرخی بەنزین لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق رایگەیاند، تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانەی بار هەڵدەگرن بە کۆبۆن هەفتانە ٨٠ لیتر بەنزین وەردەگرن و کۆبۆنەکەشیان بە هەزار و ٥٠٠ دینار پێیاندەدرێت، بەڵام سێ رۆژە ئەوەش بووەتە حەوت هەزار دینار.
وتیشی، حکومەتی فیدڕاڵی پشتیوانی بەنزینخانەکان دەکات، بەڵام هیچ بڕە بەنزینێک بۆ هەرێم نانێرێت و پشتیوانیان ناکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەجۆرێک، لە رابردوودا نرخی لیترێک بەنزین لە جۆری نۆرماڵ لە نێوان٤٥٠ تا ٥٠٠ دیناردا بوو، بەڵام ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزین لەجۆری نۆرماڵ بۆ ٧٠٠ دینار بەرزبووەتەوە.
کـ.ئـ