میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، سەرۆکی سلڤادۆر لە پلانیدایە هەفتەی داهاتوو پڕۆژەی بەفەرمی ناساندنی بتکۆین رەوانەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بكات و هاوشێوەی دۆلاری ئەمریکی و دراوە فەرمییەکان مامەڵەی پێوەبکرێت.
ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، نەجیب بوقیلە، سەرۆکی سلڤادۆر لە پلانیدایە بە پڕۆژەیاسایەك بتۆکین وەکو دراوی فەرمی بناسێنێت، ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەم هەنگاوەی ئاسانکارییەکە بۆ هاوڵاتیانی بەمەبەستی ئاسان ئاڵوگۆڕکردنی دراوە لە دەرەوەی وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، بە فەرمی ناساندنی بتکۆین هەلی کار لە وڵاتەیدا دەرەخسێنێت؛ بەو پێیەی وەبەرهەمهێنەران روو لە وڵاتەکە دەکەن و پرۆژەی زیاتر ئەنجامدەدرێت.
باسی لەوەشکردووە، لەحاڵەتی بەفەرمی ناساندنیدا دەرفەت بەو هاوڵاتییانە دەدات کە هەژماری بانکیان نییە و نزیکەی ٧٠٪ی هاوڵاتیانی سودمەند دەبن لەو بڕیاڕە و دامەزراوە داراییەکان.
بەگوێرەی زانیاری راپۆرتەکان زیاتر لە دوو ملیۆن سلڤادۆری لەدەرەوەی وڵاتەکەیان دەژین و ساڵانە زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری ئەمریکی لەدەرەوە بۆ ناوەوە ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت.
بیتکۆین Bitcoin دراوێکی ئەلیکترۆنی خاوەن کۆدە و بەشێوەیەکی ماددی بەردەست نییە، ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێکەوە بە ناوی خوازراوی ساتوشی ناکامۆتۆ ناسراو لە ساڵی ٢٠٠٩ لە رێگەی بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێتەوە دەستکرا بە مامەڵە پێوەکردنی.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، یەکەم دراوی ژمارەییە کە بانکی نییە و بۆ ئاڵوگۆڕکردنیشی پێویستی بە بانک نییە، ساڵی ٢٠١٧ بەکارهێنەرانی لە نێوان دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بۆ پێنج هەزار و ٨٠٠ بەکارهێنەری هەبوو.
بەهای بیتکۆین ئەمساڵ لە جیهاندا بەرێژەی ٦٢٪ بەرزبووەوە و هاوکات ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی کتوپڕ و بەرچاو بە رێژەی ٢٠٠٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی.