سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی هۆکاری گرانبوونی نرخی بەنزین ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2021-06-05

5236 جار خوێندراوەتەوە

لە هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە نرخی بەنزین بەرزکرایەوە بۆ هەر جۆرێک لە بەنزین پەنجا دینار لە نرخەکەی زیادکراوە، زیادکردنەکە بەشێوەی تەدریجی بووە و بە سێ جار نرخەکان زیادیانکردووە.


بەپێی چەند داتایەک لە پارێزگای سلێمانی کە لەلایەن یەکێتی نیشتمانیەوە ئیدارە دەدرێت، رۆژانە سێ ملیۆن لیتر بەنزین بەکار دەهێنرێت، بەوپێیەش، سێ ملیۆن لیتر بەنزین و بەزیادکردنی ٥٠ دینارەوە دەکاتە ١٥٠ملیۆن دینار.

واتە لە ۲٤ کاتژمێردا تەنها لە زۆنی سەوز ١٥٠ ملیۆن دینار لە خەڵک وەردەگیرێت بۆ بەنزین، کە ئەمە بۆ زۆنی زەردیش بەوجۆرەیە و پێدەچێت بڕەکەی لەو زۆنە زیاتر بێت.

 لە هەموو کوردستاندا زیاتر لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل و مۆلیدە و ئامێری تری جۆرا و جۆر هەن بە بەنزین و گاز ئیش ئەکەن، بەپێی سۆراخی پێشتری ئێن ئاڕ تی، هۆکاری گرانی بەنزین قورخکاری بازرگانی بەنزینە، لەلایەن کۆمپانیا حزبیەکانەوە.

پێشتر حەوت کۆمپانیا دەیانتوانی راستەوخۆ بەنزین هاوردە بکەن، بەڵام ماوەی شەش مانگە لایەنە حکومەیەکانی سلێمانی رەسیدی هاوردەی بەنزین بەو کۆمپانیان نادەن.

یەکێکی دیکە لەهۆکارەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین دەگەڕێتەوە بۆ زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر بەنزین کە بە رێژەی سەد هێندە زیادیکردووە.

لەو بارەیەشەوە ئەمڕۆ شەممە، ژمارەیەک لە شۆفێرانی تەکسی لە شاری سلێمانی لە دژی گرانی نرخی بەنزین و خراپی کوالێتییەکەی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لەبەرامبەریشدا، بەمەبەستی بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەران، هێزەکانی پۆلیس گازی فرمێسکرێژیان بەکارهێنا.

لە خۆپیشاندانەکەدا، شۆفێرانی تەکسی لەدژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و خراپی کوالێتییەکەی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و خۆپیشاندەرێکیش ئاماژەی بەوەکرد، دۆخی داراییان زۆر قورس بووە و گرانی نرخی بەنزینیش کاریگەری زۆریی لەسەریان هەیە، وتیشی، "حکومەتی هەرێم بەشەق دەجوڵێت و گوێ لەقسەی کەس ناگرێت".

هاوکات، کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا لەناو خۆپیشاندەراندا ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی بەغدا سات بە سات تەواوی وردەکاریی داهاتی نەوت و چۆنییەتی فرۆشتنی بڵاودەکاتەوە، بەڵام کەس نازانێ یەکێتی و پارتی چۆن و بەچەند نەوت دەفرۆشن.

ماوەیەکە، نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەجۆرێک، لە رابردوودا نرخی لیترێک بەنزین لە جۆری نۆرماڵ لە نێوان٤٥٠ تا ٥٠٠ دیناردا بوو، بەڵام ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزین لەجۆری نۆرماڵ بۆ ٧٠٠ دینار بەرزبووەتەوە.