بەگوێرەی چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم، لە هەفتەی داهاتوودا موچەی تەواوی وەزارەتەکان دابەش دەکرێت بە لێبڕینی ٢١٪ـەوە.
چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتوودا موچەی وەزارەتەکانی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، پەروەردە، پلاندانان، پیشەسازی و بازرگانی، گواستنەوە و گەیاندن، دەستەی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم بە لێبڕینی ٢١ـەوە دابەش دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستەی ژینگە، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی دەستپاکی، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەزگای مین دەستەی مافی مرۆڤ هەر لە هەفتەی داهاتوودا موچە وەردەگرن.
چاوگەکە وتووشییەتی، ئەنجومەنی دادوەری، وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سامانە سروشتیەکان، شارەوانی و گەشتوگوزار، کارەبا، کشتوکاڵ، رۆشنبیری، ئاوەندانکردنەوە، داد و سەرۆکایەتییەکانی هەرێم، پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران دابەش دەکرێت، دەشڵێت، هەر لە هەفتەی داهاتوودا موچەی خانەنشینی سەربازی دابەش دەکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدابوو هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشبکات، بەڵام لەم مانگەدا دابەشکردنی موچە دواکەوت، لەسەر ئەوەش پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی بە نەگەڕاندنەوەی داھات و درەنگ دابەشکردنی موچە یەکتریان تۆمەتبارکرد.
ھێرش قادر، ھەولێر