راوێژکاری ئابوری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سیاسەتی نەختینەیی عێراق پارێزگاری لە سەقامگیری نرخی دینار دەکات. هاوکات، دەشڵێت، "هەژماری خەرجییەکانی بودجە هیچ کورتهێنانێکی تێدانیە و پێشبیندەکرێت لە داهاتوودا زیادەشی هەبێت".
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری ئابوری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی وڵاتەکەی راگەیاند، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی تەنها بۆیەک جاربوو، جارێکی دیکە دانابەزێت.
راوێژکارە ئابورییەکەی کازمی وتیشی، حکومەت پشت بە سیستمێکی جێگیری دراو دەبەستێت، چونکە هاوکێشەیەک هەیە لە نێوان چاککردنی نرخی دراو و کورتهێنانی ژمێریاری خەرجییەکانی بودجە.
مەزهەر محەمەد ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، هەرکاتێک بەڕێژەی ٤% یان زیاتر کورتهێنان لە بودجەی خەرجییەکان روبدات، دەستکاری نرخی دراوی وڵات دەکرێت بە رێکخستنەوەبێت یان دابەزینی بەهاکەیبێت لەسەر ئاستی دەرەوەی وڵات و بەرامبەر دراوە بیانییەکان، ئەمەش لە پێناو بەرگرتن بەو داڕمانەی توشی خەرجییە دەرەکییەکانی وڵاتدەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا عێراق کورتهێنانی لە هەژماری خەرجییە دەرەکییەکانیدا نیە، بەڵکو هاوسەنگ و سەقامگیرە.
هاوکات، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری ئابوری کازمی پێشبینی ئەوشیکرد، لە داهاتوودا بودجەی خەرجییە دەرەکییەکان نەک تەنها کورهێنانی هەبێت، بەڵکو بەشێوەیەک باشبێت ئەو بودجەیەی بۆ خەرجییەکان تەرخانکراوە زیادەشی هەبێت و پارە بۆ حکومەت بگەڕێتەوە.