سەردێڕ:

وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی موچەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2021-05-30

74467 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هیوادارن لایه‌نه‌كان هاوكاربن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت موچه‌ هه‌ر ٣٠ رۆژ جارێك دابه‌ش بكرێت، دەشڵێت، بۆ دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان چاوه‌ڕێی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كه‌ن و ئه‌وان به‌رپرسه‌ له‌و بابه‌ته‌.


جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌ت به‌ڵێنمان داوه‌ ٣٠ رۆژ جارێك موچه‌ دابه‌ش بكه‌ین و ئێمه‌ چوار مانگ به‌رده‌وام بووین بێ ئه‌وه‌ی به‌غدا یه‌ك دینار بنێرێت، توانیمان بەپێی توانا و ئه‌و داهاته‌ی له‌ ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌، دابه‌ش كراوه‌."

دەشڵێت، "به‌رده‌وام ده‌بین له‌ دابه‌شكردنی موچه‌، گرفت هه‌ن و هیوادارم له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو ئه‌م گرفتانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن."

جوتیار عادل راشیگەیاندووە، "به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م حكومه‌ت دروستده‌كرێت سه‌باره‌ت به‌ چاكسازی و ئومێده‌وارین لایه‌نه‌كان هاوكار بن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ڵێنمان داوه‌ مووچه‌ دابه‌ش بكرێت."

لەبارەی دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانەوە دەڵێت، "چاوه‌ڕێی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كه‌ین و ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌و بابه‌ته‌، حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك یه‌ك تیم كاریكردووه‌، به‌ربه‌ست هه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌م یه‌كڕیزییه‌ی ناو حكومه‌ت"، داواش ده‌كەن، لایه‌نه‌كان هاوكار بن بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفتەکان و موچه‌ له‌ كاتی خۆیدا بدرێت، "خه‌ڵكی كوردستان دوور بخه‌ینه‌وه‌ له‌ هه‌ر بابه‌تێك كه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ قوتی خه‌ڵك بكرێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم بڕیاریدا هەر ٣٠ رۆژ جارێک موچە دابەشبکرێت و تاوەکو ئێستاش هەریەک لە موچەکان بە لێبڕینی ٪٢١ـەوە دابەشکراوە، لەو بارەیەشەوە حکومەت دەڵێت، لێبڕین بەپێی داهات دەبێت و هاوڵاتیانیش نارەزایەتییان بەرامبەر بە لێبڕینی موچە و لە دۆخی ئابوری و خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی هەلی کار هەیە.