سەردێڕ:

لەبارەی رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا روونکردنەوە دەدرێت

فۆتۆ: 
2021-05-29

8537 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێم سەرجەم زانیارییە تایبەتەکانی لەبارەی دهاتی نەوت و دەروازە سنورییەکان و ژمارەی فەرمانبەرانی رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی کردووە.


ئیخلاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم زانیارییەکانی لەبارەی داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان و ژمارەی فەرمانبەرانەوە رادەستی وەزارەتی نەوت و دارایی و دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی کردووە.

ئیخلاس دلێمی دەشڵێت، بڕگە یاساییەکانی بودجە کە پەیوەستە بەهەرێمەوە بە سەرپەرشتی و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی نەبێت جێبەجێناکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو زانیاریانەی هەرێم رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی کردوون پەیوەدنیان بە نەوت و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە هەیە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی فیدڕاڵی هیچ میکانیزمێکی بۆ چۆنییەتی رادەستکردنی بەشە بودجەی هەرێم دەستنیشان نەکردووە، دەشڵێت، لە مانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە فەرمانبەرانی هەرێم موچەکانیان لە بەغداوە بۆ رەوانە نەکراوە.

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا زانیارییەکان هەمووی لای دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی هەن کە پەیوەستن بە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و داهاتی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەکان و هەماهەنگیش لەنێوان دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدڕاڵیشدا هەیە.

لە ماوەی رابردوو، ئەحمەد حاج ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق وتبووی، جیاوازی ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم و رادەستنەکردنی نەوت و ٥٠٪ی داهاتە نانەوتییەکان لەلایەن هەرێمەوە هۆکاری نەناردنی پشکی هەرێمن لە بودجەدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێکە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم و بەردەوام یەکتر بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان تۆمەتبار دەکەن.

پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان.