لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین، پەیوەندی بە رەوانەکردنی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراقدا هەیە لەلایەن بەغداوە، دەشڵێت، "لە هەرێمدا ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار کەس موچە لە حکومەت وەردەگرن، ئەو ژمارەیەش هەمووی فەرمانبەری راستەقینەی حکومەت نییە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبارەی لابردنی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئاماژەی بەوەکرد، پرسی لابردن و کۆتاییهێنان بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پەیوەندی بە رەوانەکردنی بەشە بودجەی هەرێمەوە هەیە لەلایەن بەغداوە، دەشڵێت، "نەمانی لێبڕینی موچە پەیوەندی بە جێبەجێکردنی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ـەوە هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش، لە هەفتەی داهاتوودا وەفدێک بەمەبەستی جێبەجێکردنی خاڵەکانی تایبەت بە هەرێم، سەردانی بەغدا دەکەن."
هەر لەبارەی پرسی نەهێشتن و لابردنی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، پێشەوا هەورامی وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو، هەڵوەشاندنەوەی پرسی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پەیوەندی بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێرەوە هەیە، دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم چاوەڕێی بەغدایە پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق بنێرێت، بەڵام تا ئێستا بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی تایبەت بەو پرسە رەوانەی هەرێم نەکردووە."
ئەوەش لەکاتێکدایە، دواى ١٨ سەردانى شاندى هەرێم بۆ بەغدا، حکومەتی هەرێم و عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەسەر پشکى هەرێم لە بودجەى ٢٠٢١، کە تێیدا ناردنى پشکى هەرێم بەستراوەتەوە بە پابەندبوونى حکومەتى هەرێم بە ماددەى ١١ى بودجەکەوە.