بەهای دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین لەماوەی هەفتەیەکدا لە دابەزینی بەردەوامە و بە کەمتر لە ٣٩ هەزار دۆلاری ئەمریکی مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، جارێکی تر بەهای بتکۆین دابەزییەوە.
بەهۆی چەند تویتێکی ئیلۆن مەسك، سەرۆکی کۆمپانیای تێسلا، دەنگۆی ئەوە هەیە چین رێکارەکانی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ دراوە ئەلیکترۆنیەکاندا توندتربکات و ئەمەش کاری کردوەتە سەر بەهای ئەو دراوە ئەلیکترۆنییە.
بتکۆین بەرێژەی ٩٪ پاشەکشەی کردووە و بەهاکەی گەیشتە ٣٨ هەزار و ٩٤٠ دۆلار.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەهای بتکۆین لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا ٦٤ هەزار و ٨٩٥ دۆلاربوو، لەدوای ئەو کاتەوە دەستی بە دابەزین کردووە.
لە سەرەتای ئەمساڵدا بتکۆین رێژەی پێوانەیی بە خۆیەوە بینی و نرخەکەی گەیشتە نزیکەی ٦٠ هەزار دۆلار.
بیتکۆین Bitcoin دراوێکی ئەلیکترۆنی خاوەن کۆدە و بەشێوەیەکی ماددی بەردەست نییە، ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێکەوە بە ناوی خوازراوی ساتوشی ناکامۆتۆ ناسراو لە ساڵی ٢٠٠٩ لە رێگەی بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێتەوە دەستکرا بە مامەڵە پێوەکردنی.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، یەکەم دراوی ژمارەییە کە بانکی نییە و بۆ ئاڵوگۆڕکردنیشی پێویستی بە بانک نییە، ساڵی ٢٠١٧ بەکارهێنەرانی لە نێوان دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بۆ پێنج هەزار و ٨٠٠ بەکارهێنەری هەبوو، بەهای بیتکۆین ئەمساڵ لە جیهاندا بەرێژەی ٦٢٪ بەرزبووەوە و هاوکات ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی کتوپڕ و بەرچاو بە رێژەی ٢٠٠٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی.