ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو موچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دابەشدەکرێت.
باڵانبۆ محەمەد ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ئەم مانگە، موچەی لیوا هاوبەشەکان خەرجدەکرێت، باسی لەوەشکرد، کە تەنها یەک موچە دابەشدەکرێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان وتیشی، ئەو لیوایانەی جاری پێشوو بڕیار بوو سێ موچە وەرگرن و پێیان نەدرا، ئەمجارەش تەنھا یەک موچەیان پێدەدرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی پێشمەرگە بەر لە جەژن پێیان وتوون کە پارەی هاوپەیمانان گەیشتووە، بەڵام بەهۆی جەژنەوە فریای دابەشکردنی ناکەون.
لە ماوەی رابردوودا لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم رێکخرانەوە، هەر لیوایەک لە چوار فەوجەوە کرانە سێ فەوج و لە ئێستادا ١٤ لیوان، کە موچەکانیان لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابین دەکرێت، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش تاوەکو ئێستا کێشەی لیوای ٩ و ١٢ چارەسەرنەکراوە و سەرچاوەیەک لەو لیوایانەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە ماوەی ٥٠ رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە.
گۆران لوقمان، سلێمانی