سەردێڕ:

وەزیری دارایی هەرێم واژۆی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی هەرێم کرد

فۆتۆ: 
2021-05-11

8788 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری واژۆی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان کرد و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کرا.


ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، دوای هەشت ساڵ ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری واژۆی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان کرد و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کرا.

لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئامادەکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ی هەرێم لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە.

لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٢١ جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، هەریەک لە وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم داهات و خەرجیەکان و کورتهێنانیان خستەڕوو بە تەواوەتی لەم بارەوە گفتوگۆکرا و قسەو باسی لەسەرکرا.

ئەوەشی خستەڕوو، بەڵام هێشتا پێویستی بە دڵنیابوونی زیاتر لە هەژمارەکانە هەیە.

هاوکات، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی هەرێم و هۆکاری نەناردنی بۆ پەرلەمان ئاشکرایکرد، "هیچ کێشەیەکی نییە و تەنها خەریکی کۆکردنەوەی داهاتەکانن و لەگەڵ وەزارەتەکان گفتوگۆکراوە بۆ ناردنی داتاکانیان".

وتیشی، هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت تا بڕیاری گونجاو لەبارەی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و پرکردنەوەی کورهێنان بدرێت و بەگوێرەی ئەو پلانەی هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان دایدەنێن حکومەت بڕیاریان لەسەر دەدات.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوای ٢٠١٣ەوە حکومەتی هەرێم پرۆژەیاسای بودجەی نییە و رەوانەی پەرلەمانی نەکردووە تا پەسەندبکرێت و بەرچاو روونبێت بەرامبەر داهات و خەرجییەکان.