بەگوێرەی راپۆرتێک ئەگەر بتکۆین دەوڵەت بێت ئەوا ساڵانە بۆ هەر کاتژمێرێک ١٤٣ تێراوات وزەی کارەبا بەکاردەهێنێت، بەمەش رێژەی ٠.٦٥% وزەی هەموو وڵاتانی جیهان دەکات.
زانکۆی کامبریجی بەریتانی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا قەبارەی وزەی بەکارهێنراوی کارەبا لەلایەن دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆینەوە خستووەتەڕوو کە تۆڕی جیهانی ئەو دراوە پێویستی پێیەتی و بەگوێرەی راپۆرتەکە ئەگەر بیتکۆین دەوڵەتبێت ئەوا بۆ هەر کاتژمێرێک ساڵانە پێویستی بە ١٤٣ تێراوات لە وزەی کارەبا هەیە بەکاریبهێنێت، کە دەکاتە ٠.٦٥% وزەی بەکارهاتووی کارەبا لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە.
کاتێک بیتکۆین بەراورد دەکەیت بە دەوڵەتێکی وەک نەرویج ئەوا دەردەکەوێت کە زۆر زیاتر وزەی کارەبا بەکاردەهێنێت، چونکە نەرویج ساڵانە ١٢٤ تێراوات کارەبا لەکاتژمێرێکدا بەکاردەهێنێت، هاوکات، سویسرا ٥٦ تێراوات بەکاردەهێنێت.
چۆن بەکارهێنانی کارەبا بۆ بتکۆین پەرەیپێدرا؟
لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٧ بیتکۆین تەنها ٦.٦ تێراواتی بۆ هەر کاتژمێرێک بەکاردەهێنا، بەڵام لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ئەم رێژەیە بەرزبووەوە و گەیشتە ٦٧ تێراوات لەکاتژمێرێکدا.
لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە ئاستی بەکارهێنانەکە بۆ ١٢١ تێراوات کارەبا بۆ هەر کاتژمێرێک بەرزبووەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی بتکۆین بۆ ٦٥ هەزار دۆلار قەبارەی بەرهەمهێنان و پاراستنیشی بەرزبووەوە بۆ بەکارهێنانی ١٤٣ تێراوات کارەبا لە هەر کاتژمێرێکدا.
بۆچی بتکۆین ئەم رێژە بەرزە لە کارەبا بەکاردەهێنێت؟
لەبەر ئەوەی بتکۆین دراوێکی ژمارەییە، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت لە رێگەی تۆڕێکی گەورەی ئینتەرنێتەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت بۆ بەرهەمهێنان و هەڵگرتن و چاودێریکردنی مامەڵەکان و جموجوڵەکانی سیستمی"blockchain"ی تێدا بەکاردەهێنرێت کە هەموو زانیاری و داتاکان تۆماردەکات، بەشێوەیەک هەرکەسێک دراوێک دەکڕێت ئەوا پەیوەستە بەوانی دیکەوە، چ پێش خۆی و چ پاش خۆی بەجۆرێک کە نەتوانرێت یاری بە سیستم و دراوەکە بکرێت.
هاوکات، بۆ ئەوەی هەرکەسێک ببێتە ئەندام لە تۆڕەکەدا و دراوێکی ئەلیکترۆنی هەبێت پێویستی بە کۆمپیوتەرێکی بەهێز دەبێت تایبەت بۆ ئەم جۆرە مامەڵەیە دروستکرابێت، بەجۆرێک پێویستە پارێزگاری لێبکرێت لە پلەی گەرمی بەرز.
ئەوانەی کار لەسەر ئەم کۆمپیوتەرانە دەکەن پێیاندەوترێت "کرێکارانی دروستکردن و پاراستن" و موچەی ئاسایی وەرناگرن، بەڵکو چانسیان هەیە پاداشتیان بە بتکۆین بدرێتەوە، گومانی تێدانییە ئەم پرۆسەیە بەم جۆرە پێویستی بە وزەیەکی زۆری کارەبا هەیە.
زیانە ژینگەییەکانی.
لەماوەی رابردوودا بیڵ گەیتس ملیاردێری جیهانی هۆشداریدا لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەڵگرتنی بتکۆیندا وزەیەکی زۆر کارەبا بەکاردەهێندرێت ئەمەش بۆ کەش و هەوا باش نییە، کاتێک باشە کە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبا پاک بێت.
شوێنەکانی بەرهەمهێنان و پاراستنی بتکۆین لە کوێن؟
بەگوێرەی راپۆرتەکەی زانکۆی کامبریج، چین پلەی یەکەمی گرتووە لە ریزبەندی جیهانی لە پێگەکانی بەرهەمهێنان و پاراستی بتکۆیندا بەشێوەیەک ٦٥% پرۆسەکە لەو وڵاتە ئەنجامدەدرێت و هەریەک لە ئەمریکا و روسیا بە ریژەی ٧% بە پلەی دووەم دێن.
بتکۆین؛ بریتیە لە دراوێکی ئەلیکترۆنی کە پشتی بە تەکنەلۆژیای بلۆکچەین بەستووە و چاوەڕێدەکرێت یەکەم دراوی ئەلیکترۆنی بێت کە لە داهاتوودا بە تەواوەتی جێگەی پارەی کاغەز بگرێتەوە، پێشبینی ئەوەش دەکرێت، کە ئەو دراوە لە پێنج ساڵی داهاتوودا ٢٠٠ هەزار دۆلار تێپەڕێنێت