وەزيرى كاروبارى شەهيدان و ئەنفالكراوانی هەرێم رایگەیاند، مينجەى مانگانەی زياتر لە ٦٠٠ زيندانى سياسى بەردەوام دەبێت، بە مەرجێک هیچ مینحە و موچەیەکی تریان نەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش وردبینی و پێداچوونەوە بە لیستەکانی زیندانیکراو و گیراوی سیاسی بریاردرا بە بەردەوامبوون و خەرجکردنی مینحەی مانگانە وەک وەجبەی یەکەم بۆ ٦٣٩ زیندانی سیاسی.
لەراگەیەندراوەکەشدا هاتووە، ئەو زيندانييە سياسيانە ماوەی ١٠ ساڵی مینحەیان تەواوکردووە و هیچ موچەیەکی تریان نییە، پێويستە هەريەكێك لەوانە لە رێگاى بايۆمەترى و بەڵێننامەى دادنووسەوە بيسەلمێنێت كە هيچ موچە و مينحەيەكى ترى نييە لە حكومەتى هەرێمى كوردستان و حكومەتى فيدراڵى عێراقدا.
بە گوێرەی یاسا دوای ١٠ ساڵ مینحەی زیندانیانی سیاسی کۆتایی دێت، بەڵام ئەوانەی هیچ موچەیەکیان نییە نایانگرێتەوە و مینحەکانیان بەردەوام دەبێت.
لە ماوەی رابردووشدا بەشێکی زیندانیانی سیاسی چەند جارێک گردبوونەوەیان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی هاوشێوەی بەغدا ئەو ماوەی ١٠ ساڵە زیادبکرێت بۆ ٢٥ ساڵ.