سەردێڕ:

بەهای تمەن لەسەر ئاستی جیهان بەرزبووەوە

فۆتۆ: 
2021-05-02

5623 جار خوێندراوەتەوە

بەهای تمەن لە بازاڕەکانی تارانی پایتەختی ئێران بەڕێژەی ٤% و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەرزبووەوە، بەشێوەیەک دوێنێ یەک دۆلار بە ٢٣١٥٠ تمەن بووە و ئەمڕۆ بۆ ٢٢٠٠٠ تمەن دابەزی.


چاودێران بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی ئەتۆمی لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا نێوان ئێران و لایەنەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی بەهۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای تمەن لەبەرامبەر دۆلار دادەنێن.

مانگی رابردوو گفتوگۆکانی ڤییەننا بە ئامادەبوونی شاندی ئێران و شاندی وڵاتانی 4+1 بەڕێوەچوو.

دوێنێ شەممە، عەباس عێراقچی یەکێک لە دانوستکارانی باڵای شاندی ئێران رایگەیاند، لە گفتوگۆی ڤییەننا وڵاتەکەی گەیشتووەتە رێکەوتنێک لەسەر لابردنی سزا لەسەر چەند کەس و لایەنێکی ئەو وڵاتە کە پێشتر لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە بەسەریاندا سەپێندرابوو.

هاوکات، جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری رابردوودا بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بەرزبووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، پاش کشانەوەی تاک لایەنانەی ئەمریکا بە  سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و سەپاندنی چەندین سزای دارایی و بازرگانی و ئابوری بەسەر کەسایەتی و لایەن و دامەزراوە سەربازیی و دارایی و ئابورییەکانی ئێراندا ئەو وڵاتەی توشی چەندین قەیرانی دارایی و ئابوری کرد، لە دیارترینینان دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەو وڵاتە و بازاڕەکانی جیهاندا.