بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ تەواو بووە، لە هەفتەی داهاتوودا دەستدەکرێت بە دابەشکردنی پارەی گەنمی ساڵی ٢٠١٦.
نەوزاد كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کۆى گشتى ئەو پارەیەى حکومەتى عێراق بۆ گەنمى جوتیارانى دابینکردووە، زیاتر ٥٧٦ ملیار و ٣٨٠ ملیۆن دینار بووە.
وتیشى، حکومەتی عێراق تا ئێستا زیاتر لە ٢٦٨ ملیار و ٨٠ ملیۆن دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی ناردووە.
نەوزاد كامیل باسی لەوەشکرد، ئێستا ٣٠٧ ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەلای حکومەتی عێراق ماوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا لە دانوستاندان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە ماوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، جوتیاران گرفتی ئەوەیان هەیە کە بۆ ئەمساڵ بێتەوە گەنمەکانیان بە رێژە لێوەربگیرێت و وەک پێویست نەبێت، هاوکات، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاندووە، لە پلانیاندایە کە لەرێگای سێ کۆمپانیاوە لە هەوێر و سلێمانی و دهۆک، ئەو گەنمەی لە جوتیاران دەمێنێتەوە وەریبگرن.
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، پارەی گەنمی جوتیاران بۆ چەند ساڵێک دواکەوت و جوتیارانی هەرێمیش چەندین جار بۆ ئەو پرسە گردبوونەتەوە و داوای مافەکانی خۆیان کردووە.