سەردێڕ:

بڕیارێکی بایدن گۆڕانکاری گەورەی لە نرخی دراوە ئەلیکترۆنیەکاندا دروستکرد

فۆتۆ: 
2021-04-24

15405 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا پلانی زیادکردنی باجی لەسەر سەرمایە و داهاتەکان راگەیاند، تەنها لەماوەی یەک رۆژدا، بیتکۆین و دراوە ئەلکترۆنییەکانی دیکە، بەڕێژەیەکی بەرز بەهای خۆیان لەدەستدا، ئەمەش زیانی بە ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو دراوانە گەیاند.


ماڵپەڕی سکای نیوزی بەریتانی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە، ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەپلانیدایە کۆمەڵێک گۆڕانکاری پێشنیازکراو لە یاسای باجی ئەمریکادا بکات، لە رێگەی ئەم پلانەشەوە بڕی باج بۆ دوو هێندە زیاد دەکات بەتایبەتی لەسەر ئەوانەی کە داهاتیان لەسەروو یەک ملیۆن دۆلارەوەیە.

ئەمەش وایکرد بەهای دراوە ئەلیکترۆنییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو داببەزێت و بەهای دراوی بیتکوین ٢٠٠ملیار دۆلار زیان بکات بەڵام لەمامەڵەکانی ئەمڕۆدا نرخەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتەوە.

لەئێستاشدا، بەهای یەک بیتکۆین بۆ ٥٠ هەزار و ٩٣ دۆلار بەرزبووەتەوە پاش ئەوەی بۆ ٤٧ هەزار و ٥٥٥ دۆلار دابەزی.

لەماوەی رابردوودا بەهای دراوی ئەلکترۆنی بیتکۆین بەرزترین ئاستی تۆمارکرد و نرخى بیتکۆین بەشێوەیەکى بەرچاو بەرزبوونەوەى بەخۆوە بینى بەجۆرێک نرخى یەک بیتکۆین گەشتە ٥٦ هەزار و ٥٠١ دۆلار.

هەرچەندە هێشتا هیچ بانکێکی ناوەندی دانی بە بیتکۆین نەناوە و ئامادە نییە پاڵپشتی ئەو دراوە دیجیتاڵییە بکات، بەڵام لەسەر ئاستی جیهاندا بانکەکان بەرەو دامەزراندنی دراوی دیجیتاڵی تایبەت بە خۆیان هەنگاو دەنێن.

بیتکۆین، بریتیە لە دراوێکی ئەلیکترۆنی کە پشتی بە تەکنەلۆژیای بلۆکچەین بەستووە و چاوەڕێدەکرێت یەکەم دراوی ئەلیکترۆنی بێت کە لە داهاتوودا بە تەواوەتی جێگەی پارەی کاغەزی بگرێتەوە، پێشبینی ئەوەش دەکرێت، کە ئەو دراوە لە پێنج ساڵی داهاتوودا ٢٠٠ هەزار دۆلار تێپەڕێنێت.