سەردێڕ:

لەبارەی دوو موچەییەوە؛ حکومەتی هەرێم بڕیارێک دەدات

فۆتۆ: 
2021-04-20

32265 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری خانەنشینی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەوەی پلەی پێشمەرگە بووە و بە پلەی دیكەش خانەشین بووە، دەیگەڕێنینەوە بۆ سەر پلەی پێشوو لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی دوو موچەی ھەبێت، موچەیەکیان دەبڕدرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، حازم ئیسماعیل بەڕێوەبەری خانەنشینی ھەرێمی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی باسی لەوەکردووە، فۆڕمێكیان ئامادەكردووە و پێشكەشی خانەنشینانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە، بەجۆرێک ئەوانەی كە پێشمەرگە بوون و بە پلەی دیكە خانەنشین بوون، بەشێكی گەڕاوەتەوە و بەشێكی ماوە و سەرقاڵی جیاكردنەوەی فۆڕمەكانن.

بەڕێوەبەری خانەنشینی ھەرێمی كوردستان لەبارەی فۆڕمەکەشەوە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو فۆڕمە بۆ ئەوەیە، ئەوانەی كاتی خۆی پێشمەرگە بوون و بە پلەی تایبەت خانەنشین بوون، دەیانگەڕێننەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.

حازم ئیسماعیل باسی لەوەشکرد، ئەو كەسانەی خانەنشین بوون و دوو موچەیان ھەیە، موچەیەکیان رادەگرن و دەستیان بە پرۆسەكە كردووە، چونكە ھەیە دوو موچەی فەرمانبەری وەردەگرێت و ھەشە فەرمانبەر و خانەنشینی وەردەگرێت.

دەشڵێت، ئەوەی دوو موچەی ھەبێت بە ھەر شێوەیەك بێت رادەگیرێت، پێویستیشە خەڵكی سەردانیان بكەن، بۆ ئەوەی موچەیەك ھەڵبژێرێت، راشیگەیاندووە، ئەوەی موچەیەكی نایاسایی وەربگرێت، موچەیەكیان دەبڕن، چونكە لە ھەرێمی كوردستان ٢٤٠ هەزار خانەنشینی سەربازی و مەدەنی ھەیە.

نزیکەی نۆ مانگە بڕیاری چاکسازی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە بڕیارەکە جێبەجێ بکات و پرۆژەکەش، رێکخستەنەوەی سستەمی موچە و پلە و هەروەها نەهێشتی دوو موچەیی و سێ موچەیی لەخۆدەگرێت.