راوێژکاری سەرۆک کۆماری میسر بۆ کاروباری تەندروستی و خۆپارێزی رایگەیاند، "هەر کەسێک دوو جار ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنای بەکارهێنابێت پێویسته دوای هەشت مانگ بۆ جاری سێیەمیش بەکاری بهێنێتەوە".
محەمەد عەوەز راوێژکاری سەرۆک کۆماری میسر لە لێدوانێکدا بۆ عەینی ئیماراتی رایگەیاندووە، ئەو کەسانەی کە دوو ژەم ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرگرتووە، بۆ جاری سێیەم و دوای هەشت مانگی تر پێویسته ڤاکسین وەربگرنەوە، وتیشی، کاریگەری بەکارهێنانی دوو ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا وەکو ڤاکسینی ئەنفلۆنزا وایە، لە شەش مانگەوە تا هەشت مانگ بەردەوام دەبێت.
بەوتەی راوێژکارەکەی سەرۆکی میسر کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەر ئاماژەیان بەوەداوە، ناوەندی مانەوەی کاریگەری ڤاکسین لەنێوان شەش بۆ هەشت مانگە.
ئەو راوێژکارەی سەرۆکی میسر نمونەی ئەنفلۆنزای وەرزی هێنایەوە کە ساڵانە دەبێت خۆت بکوتیت و وتیشی، "کوتانەکان ساڵانە دەگۆڕێت، بۆ نمونە ئەمساڵ نوسراوە ٢٠٢١ و ساڵی داهاتووش دەنووسرێت ٢٠٢٢".
بەپێی توێژینەوەیەکی شارەزایانى فەڕەنسی لە نەخۆشخانەی ستراسبورگ لەو وڵاتە، پێیانوایه کەسانی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەڵامدانەوەی جۆرا و جۆریان هەیه بۆ پەتاکە، بە شێوازێک ئەو کەسانەی کە بەرگری لەشیان بەهێزە دەتوانن دژ بەو ڤایرۆسە بوەستنەوە و بەرگری لەشیشیان شێوازی پرۆتینیی ڤایرۆسەکە دیاری بکات و بەوەش روبەڕوی پەتاکە دەبێتەوە.
ئەم لێکۆڵینەوەش پشتی بەوە بەستووە کەوا کۆمەڵێک شیکارییان بۆ خوێنی خێزانێکی توشبووی کۆرۆنا کردووە و ئەو ئەنجامەیان بۆ دەرکەوتووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ئێستادا بۆ روبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و زنجیرە گۆڕاوەکانی چەندین ڤاکسین لە جیهاندا بەردەستن و زۆرینەیان پێویستە بە دووژەم بدرێت بەو کەسانەی ڤاکسینەکە وەردەگرن. بەگوێرەی توێژینەوەکانیش ڤاکسینەکان بەرگری و دژە تەن لە جەستەی مرۆڤدا بۆ ماوەی شەش تا هەشت مانگ دروست دەکەن و مرۆڤ لە توشبوون بە پەتای کۆرۆنا دەپارێزن.