سەردێڕ:

هەڵئاوسانی دەم و چاو و دەست و قاچ دەکرێت نیشانەی چ نەخۆشییەک بن؟

فۆتۆ: 
2021-06-25

4377 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی تەندروستی باس لەوە دەکات کە زۆرجار چارەخواز بە نیشانەکانی وەک هەڵئاوسانی دەم وچاو و دەست و قاچ سەردانیان دەکەن، کاتێک پشکنینیان بۆ ئەنجام دەدەن دەردەکەوێت کە دوچاری جۆرە هەوکردنێک بونەتەوە کە بەهەوکردنی یەکەکانی پاڵاوتنی گورچیلە ناودەبرێت.


دکتۆر گۆران فریاد پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ لە بابەتێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە گورچیلە ئەرکی پاڵاوتنی خوێنە لە شلەی زیادە و پاشەڕۆکان، بەمانایەکی تر خوێن لە پاشەڕۆ ژەهراوییەکان پاکدەکاتەوە، ئەمەش وادەکات هەر تەنگ و چەڵەمەیەک لەم کردارەدا گرفتی تەندروستی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

پسپۆڕەکە باسی لەوەش کردووە کە هەوکردنی یەکەکانی پاڵاوتن دەکرێت حاڵەتێکی لەناکاو یاخود درێژخایەن بێت، دەشکرێت بەهۆی نەخۆشیە درێژخایەنەکانی وەک شەکرەوە ڕووبدات، بەڵام گرنگترین هەنگاو دەستنیشانکردنی خێرای حاڵەتەکە و هۆکارەکانیەتی چونکە ئەگەر هەوکردنەکە زۆر بخایەنێت و چارەسەر نەکرێت ئەوا زیانی هەمیشەیی بە گورچیلەکان دەگەیەنێت. 

نەخۆش لە  کاتێکدا پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات؟

یەکەم: هەبونی خوێن لە میزدا

دووەم: هەبونی کەف لە میزدا

سێیەم: بەرزی پەستانی خوێ

چوارەم: هەڵئاوسانی دەم و چاو و دەستەکان و قاچ یان سک.

هۆکارەکانی توشبوون بە هەوکردنی یەکەکانی پاڵاوتن لە گورچیلەکاندا کامانەن ؟

یەکەم:  دەکرێت دوای هەوکردنی قورگ ڕوبدات.

دووەم:  دەکرێت دوای هەوکردنی پەردەی دڵ ڕوبدات

سێیەم:  بەهۆی ڤایرۆسەکانی جگەر

چوارەم:  بەهۆی نەخۆشیەکانی سیستەمی بەرگری

پێنجەم:  نەخۆشیە درێژخایەنەکان وەک شەکرە و زەخت

چۆن خۆمان بپارێزین؟
یەکەم:  پابەند بە بە پلانی چارەسەر ئەگەر دوچاری هەرجۆرێک لە هەوکردن بویتەوە
دووەم:  چاودێری پەستانی خوێنت بکە
سێیەم:  چاودێری ڕێژەی شەکری خوێنت بکە

ل.ل