پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی قورگ و لوت و گوێ ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی هەوای ساردی سپلیت کردووە بۆ سەر تەندروستیی لوت، کە هۆکارە بۆ وشکبوونەوەی ناوپۆشی لوت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی بەلەدی میسری، زەهیر حەسەن حوشی پزیشک و سەرۆکی دەستەی زانستیی تایبەت بە نەشتەرگەرییەکانی قورگ و لوت و گوێ لە میسر ئاشکرایکردووە، هەوای سپلیت مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستیی لوت بەجێناهێڵن، بەڵکو تەنیا دەبنە هۆی وشکبوونەوەی ناوپۆشی لوت و قورگ، کە ئەوەش زۆرکات گرفتی چوونە ژوورەوەی هەوا بۆ ناو لوت بە بڕێکی کەم دروست دەکات.
ئەو پزیشکە ڕونیکردووەتەوە، هەستکردن بە گیرانی لوت لە دوای ئەوەی هەوای سپلیتی بەردەکەوێت، شتێکی ئاساییە چونکە لەو کاتەدا بۆرییەکانی خوێن ڕاستەوخۆ هەوای ساردی سپلیتەکەیان پێگەیشتووە، بۆ ماوەیەک تەسک دەبنەوە، دواتر کە هەوای سروشتییان بەردەکەوێت دێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان، ئەمەش کاریگەرییەکی مەترسیدار بۆ سەر تەندروستیی لوت دروست ناکات.
ئ.ل