بە شێوەیەکی گشتی دەرمان کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئەندامەکانی جەستە، هەندێکیان زیاتر کاریگەری لەسەر مێشک و دەمارەکان دروست دەکەن.
لە بابەتێکی پەڕەی فەیسبووکی سەندیکای پزیشکانی کوردستان – لقی هەولێر، د. شێروان رەحمانەشەل نانەکەلی پسپۆری فسیۆلۆجی پزیشکی و شارەزای گشتی، لەبارەی کاریگەریەکانی ئەو دەرمانانەی لەکاتی وەرگرتنیاندا شۆفێری ئەستەم و ئاڵۆز دەکەن وتی "هەندێک دەرمان لەکاتی وەرگرتنیاندا بە شێوەیەک شۆفێری و لێخوڕینی ئۆتۆمۆبێل زۆر ئەستەم دەکەن و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئاستی شۆفێریی کەسەکە دەبێت، تەنانەت مەترسییەکی گەورە دەخەنە سەر ژیانی شۆفێرەکە.
ئەو پزیشکە وتیشی " پێویستە بۆ هەر دەرمانێک کەوا بەکاری دەهێنیت راویژکاری بە پزیشکی پسپۆر بکەیت یان لە دەرمانخانە پرسیار لەسەر کاریگەرییەکانی بکەیت."
کاریگەرییەکان:
1. هەست کردن بە خەو و گێژی.
2. کاریگەری لەسەر بینین و لێڵی بینین.
3. هەندێک جار بێهۆش بوون و بێ ئاگابوون.
4. لاواز بوون و سستی و ناڕێکی کاری ماسولکەکان.
5. هێڵنج و ڕشانەوە و ژانی گەدە.
ئەو کاریگەرییانەی سەرەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ شۆفێری ئەستەم دەکات و فشارێکی زۆری دەبێت و ئەگەری ڕووداوی نەخوازرا و ترسناک زیاد دەکات.
دەرمانەکان:
1. ئەو دەرمانانەی بۆ کۆخە و هەڵامەت بەکاردێت بە تایبەتی ئەگەر دژە هەستیاری و دژە حەساسیەتی تێدابوو.
2. دەرمانی دژە خوران، هەستیاری، وەک ئەلەرمین، کلۆرفینارمین، تەنانەت لۆراتادین و هستین و زۆر جۆری تر.
3. دەرمانی خەو: وەک گروپی دایازیپام، ڤالیۆم، هاوشێوەکانی .
4. دەرمانەکانی نەخۆشی دەروونی: وەک دەرمانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و شیزۆفرینیا و هتد.
5. دەرمانەکانی چارسەر بۆ گرژی ماسولکەکان: خاوکەرەوەی ماسولکەکان: وەک مایۆجیسک، میدۆکالم ، نۆرجیسک.
6. دژە ژانەکان وەک مۆرفین و کۆکاین و پسدین و تراماڵ و هاوشێوەکانی.
7. دەرمانی چارەسەری سکچوون و ڕشانەوە و سەرەسووڕە.
8. ئەو دەرمان و خواردنەوە وزەبەخشانەی دژە خەوهاتنن، بۆ ئەوەی زیاتر بە ئاگا بیت بەکاردێت: وەک ئەمفیتامین و ئیفدرین و هاوشێوەکانی وەک تایگەر و ڕێدبۆڵ و زیاتر.