سەردێڕ:

بۆیەکەم جار ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ منداڵ بەکاردەهێنرێت

فۆتۆ: 
2021-06-06

2277 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی کۆمپانیای سینۆفاک بیوتکی چینی رایگەیاند، حکومەتی چین بەکارهێنانی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنای بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای سینۆفاکی بۆ منداڵانی تەمەن سێ تا ١٧ ساڵان پەسەندکردووە.


یین ویدونگ سەرۆکی کۆمپانیای سینۆفاک بیوتکی چینی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوەکرد، حکومەتی وڵاتەکەی رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا بۆ منداڵانی تەمەن سێ تا ١٧ ساڵان دەربڕیوە.

لەبەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا،  سەرۆکی کۆمپانیای سینۆفاک بیوتک ئاماژەی بەوەکرد، بەپشت بەستن بە ئامادەکارییەکانی دەسەڵاتدارانی تەندروستی لەرووی ستراتیژییەکانی ڤاکسینەوە، ڤاکسینەکە بۆ کەسانی تەمەن منداڵتریش بەردەست دەبێت.

یین ویدونگ ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەئەنجامی تاقیکردنەوە پزیشکییەکاندا دەرکەوتووە، ڤاکسینەکە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستەی منداڵانی تەمەن سێ تا ١٧ ساڵان.

هاوکات، بەگوێرەی راپۆرتە پزیشکییەکان، ڤاکسین هەڵدەستێت بە بەهێزکردنی سستمی بەرگری لەش لە بەرامبەر نەخۆشییەکە و وادەکات کە جەستە زوو درک بە نیشانەکانی نەخۆشییەکە بکات، تیایدا بەشێک لە لەپێکهاتەکانی ڤاکسینەکە لە سیستمی بەرگری جەستەدا کۆدەکاتەوە و لە کاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆس و درمی بەربڵاودا ئاشکرای دەکات و کاریگەرییەکانی کەمدەکاتەوە.

لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە شاری وهانی چین، تائێستا لەسەرانسەری جیهاندا نزیکەی ١٧٣ ملیۆن و ٣٣١ هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، سێ ملیۆن و ٧٢٧ هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، هاوکات ١٥٦ ملیۆن کەسیش لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.