سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستی دواین زانیاری لەبارەی تەندروستی ئەوکەسە دەخاتە ڕوو کە توشی شەلەل بوو

فۆتۆ: 
2021-05-11

3961 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ناتوانرێت بوترێت ئەو کەسەی پاش وەرگرتنی ڤاکسینەکە توشی شەلەل بوو، بەهۆی ڤاکسینەکەوەبووە یان هۆکاریکی دیکەی هەبووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، رەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، حکومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا تەنیا ڤاکسینی فایزەر و ئەسترازینیکا و سیۆفارمی هاوردەکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە سلێمانی ئەمڕۆ و لە دهۆک و هەولێریش دەست بە دابەشکردنی ژەمی دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکەن کە ژەمی یەکەمیان وەرگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتادا خەڵکی بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵ و ترس لە میدیاکاندا دوو دڵی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بوون، بەڵام لە ئێستادا هاوڵاتیان تێگەیشتینیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە زیاترە.

لە بارەی نادنی پشکی هەرێم لە ڤاکسینەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەو، راشیگەیاند، رێژەی ٢٠% کە لەلایەن عێراقەوە دەستەبەرکراوە و ئێستاش بەردەوام هەفتانە هەموو ڕۆژی یەکشەمەیەک فایزەر دێت، وە ئەو دووانەی تریش (ئەسترازێنیکا و سینۆفارم) بەپێی هاتنی گوژمەکانە و بەردەوام دێت. دەشڵێت، ئەو ڕێژەی ٢٠% ی عێراقیش دابینیکردووە و گرێبەستی کردووە لەسەری.

باسی لەوەشکرد، لە دابەشکردنی ڤاکسینەکەدا کەمێك ناڕێکی هەبوو و بەشێوەیەکی پێویست ژەمەکانیان بۆ دانەنراوە، بەڵام ئەمانە رێکخراونەتەوە و گرفتەکان چارەسەرکراون.

هاوکات، لەبارەی کەیسی دوو هاوڵاتی کە دەوترێت بەهۆی ڤاکسینەوە بووە وتیشی، هەرچەندە چەند حاڵەتێکی سادە کێشەی تێدایە لە کۆیە کەسێک مرد لە دوای لێدانی ڤاکسینەکە و لە سلێمانیش کەسێک توشی شەلەل بووە ئەوە لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچووندان تا ئێستا یەکلایی نەبۆتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ناتوانرێت بوترێت کەیسەکان پەیوەندیان بە ڤاکسینەکەوە نییە و ناشتوانرێت دڵنیایی هەبێت کە هۆکارەکەی ڤاکسینەکەیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ ڤاکسینێکی نەکڕیوە، بەڵکو تەنیا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە چوارچێوەی پارێزگاکانی وڵاتدا بۆی نێردراوە و ١٥ی ئەم مانگەش، بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، هەوڵی دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا دەدەن و لەگەڵ کۆمپانیای سینۆفارمی چینیدا سەرقاڵی گفتوگۆن.