ئەو کەسانەی کەمخوێنن پێویستە لەمانگی رەمەزاندا زیاتر ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن، بەو پێیەی رۆژوگرتن نیشانەکانی کەمخوێنی بەرەو خراپتردەبات و دەبێتەهۆی وشکبونە و دابەزینی شەکر لەخوێندا و کاریگەری دەکاتە سەر کاری مێشك و ئەو کەسە هەست بەبێهێزی دەکات.
بە گوێرەی ئامۆژگارییەکانی دامەزراوەی حەمادی پزیشکی لە قەتەر بڵاویکردەوە، ئامۆژگاری کەسانی کەم خوێن دەکرێت خوارنی دەوڵەمەند بە ئاسن بخۆن کە لەسەرچاوە رووەکیەکان و گیاندارەکاندا هەیە.
سەرچاوە رووەکیەکانی وەکو پاقلە و فاسۆلیا و نیسک و سەوزە گەڵادارەکان و سەرچاوە گیاندەریەکانی وەکو گۆشتی سور و سپی و ماسی بڕێک ئاسن لەخۆدەگرن.
هاوکات، کەمخوێنەکان پێویستە بڕە ئاوێکی زۆر لە شەودا بخۆنەوە بۆ ئەوەی دوچاری وشکبونەوە نەبن و لەناو خواردنەکانیاندا پرتەقاڵ و لیمۆ و تەماتە بخۆن کە ڤیتامین سی- یان تێدایە و بەرگری لەش بەرزدەکەنەوە.
هەر بەگوێرەی رێنماییەکان، پێویستە کەسە کەمخوێنەکان چا و قاوە کەمتر بخۆنەوە، چونکە رێگری لە هەڵمژینی ئاسن دەکەن لە ریخۆڵەکاندا.
هاوکات، پێویستە ماست و پەنیر و شیر لەگەڵ خواردنی دەوڵەمەند بە ئاسن نە خورێن، چونکە دەوڵەمەندن بە کالسیۆم کاری جەستە بۆ وەرگرتنی ئاسن قورس دەکەن.
پزیشکان ئامۆژگاری کەسانی کەمخوێن دەکەن، پشووی تەواوەتی لەو مانگەدا وەرگرن و ئاگاداری بەرنامە خۆراکیەکانیان بن.