وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى هەرێم رایگەیاند، بەھۆی دواکەوتی گەیشتنى ڤاکسینی فایزەر بۆ عێراق، ئەو بڕە ڤاکسینەی کە بریارە هەفتانە بگاتە دەست هەرێم دوادەکەوێت.
بەپێی رێککەوتنەکەی حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی بڕیارە عێراق چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ژەمی دیکە لە ڤاکسینی فایزەر بکڕیت و لەو بڕەش ھەموو ھەفتەیەک پشکی ھەرێمی کوردستانیش بنیرێت.
بەڵام بەهۆی دواکەوتنی گەیشتنی ڤاکسینەکە بە عێراق، رەوانە کردنی ئەو ڤاکسینەش دوادەکەوێت و بەپێی پێویست ڤاکسین ناگاتە دەست هاوڵاتیان.
ڤاکسینی فایزەر متمانە و خواستێکی زۆری لە کوردستاندا هەیە و رۆژی ٢٣ى ئەم مانگەش بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر رایگەیاند، کە ڤاکسینی جۆری فایزەر تەواو بووە و لە ئێستادا بڕێکی کەم لە سەنتەری سۆران ماوەکە کە پێدەچێت بەشی دوو رۆژیان بکات و لەوێش تەواو ببێت.