سەردێڕ:

١٠ خاڵی گرنگ لە زمانی منداڵی ئۆتیزتیکەوە

فۆتۆ: 
2021-04-07

2230 جار خوێندراوەتەوە

لە ژیاندا (تەنیا بوون) ھەیە، کاتێک مرۆڤێک تەنیا دەبێت و چیدی کەسانی دی لەدەوروبەری نین و خودی خۆی تەنیا دەژی لەجێیەکی دیاریکراودا.


(تەنیایی) ش ھەیە، کە کەسەکە لەوانەیە مرۆڤی دی لە دەوروبەری بوونیان ھەبێت و لەگەڵ کەسانی دی ژیان بەسەربەرێت بەڵام ھەست بەدوورەپەرێزی و تەنیایی خۆی بکات.
کاتێک (تەنیایی) و (تەنیا بوون) پێکەوە یەکدەگرن و جیھانێک پێکدێنن کە ناسراوە بە جیھانی ئۆتیزم، و لەھەمانکاتدا تێنەگەیشتنی دەوروبەر لەو جیھانەی لەناخی مرۆڤێکی پاک و بێگەرددا دەگوزەرێت کە ئۆتیزمی ھەیە، ساویکەیی و ناڕۆشنبیری کۆمەڵگای لێدەکەوێتەوە. 
با پێکەوە بەڕێڕەوێکی تەندرووستی زانستی و کۆمەڵایەتیدا گەشتێک بکەین بۆ چوونە ناو ژیانی سادەی ئۆتیزم و تێگەیشتن لەو جیھانە.
ئۆتیزم کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەشەی دەرونییە کە لەسەرەتای تەمەنی منداڵیدا سەر ھەڵدەدات و بە درێژایی تەمەن کاریگەری دەبێت لەسەر تواناکانی ئەو مرۆڤە لە چەند لایەنێکەوە وەک، گفتوگۆکردن، شێوازی ھەڵسوکەوت و مامەڵەکردن، و دەربڕین و تێکەڵ بوون بە کۆمەڵگا. 
بە پێی ئاماری ساڵی ۲٠۱۹ ی WHO, لە جیھاندا لە ھەموو ۱٦٠ منداڵدا، یەک منداڵ ئۆتیزمی ھەیە.
 پێناسەکردنی ئۆتیزم بە سادەیی و لە چەند وشەیەکدا ئسان نییە، بەڵام لە ئێستادا دوو جۆر ئۆتیزم دەستنیشانکراون، یەکێکیان دوورەپەرێزی لە کۆمەڵگا و گۆشەگیری، دووەمیان دووبارەکردنەوەی ھەمان جوڵە و خوو کە ھەندێ جار بەبێزارکەر ھەژمار دەکرێت.
با تێبگەین لەوەی کە ئۆتیزم زیندانییەکی ھەتایی نییە، حوکمێکی ناڕەوا نییە بەسەر مرۆڤەکاندا درابێت. تەنھا ئەوەندەیە لە ڕوانگەی کەسانی ئۆتیزتیکەوە ژیان جۆرێکی دی دەگوزەرێت و بەشێوەیەکی جیاواز لە ھاوتەمەنەکانیان بیردەکەنەوە.
ھەڵسەنگاندن و دەستنیشانکردنی ئەم حاڵەتە لە سەرەتای تەمەنەوە زۆر یاریدەدەر ئەبێت بۆ دایک و باوک و کەسوکاری منداڵانی ئۆتیزم، تاکو بتوانن بە باشترین شێوە منداڵەکەیان ئامادە بکەن بۆ تێکەڵ بوون بە کۆمەڵگا.
با باسێک لەوە بکەین کە کەسانی ئۆتیزتیک زۆر بەھرەدارن ئەگەر پەرەیان پێ بدرێت. نموونەی کەسانی ناوداری ئۆتیزتیک وەک (ستیڤ جۆب، ئەلبەرت ئەنیشتاین، بیڵ گەیتس، داروین و چەندەھا کەسایەتی ناوداری دیکە) کە ئەگەر ئەوان نەبوونایە زۆربەی کارە بەھادارەکانی ئەم سەردەمەبوونی نەدەبوو.
ئۆتیزم شێتی نییە، نەخۆشی نییە کە بە دەرمانێک یاخود چەند دەرمانێک چارەسەر بکرێت، بۆ ماوەی ھەموو تەمەن لەگەڵ ئەو کەسە دەمێنێتەوە، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت و ئەکرێت بڵێین ھەر منداڵێکی ئۆتیزتیک جۆرە کارەکتەرێکی خۆی ھەیە و لەویدی ناچێت، بەڵام بەگشتی ئۆتیزم ھەڵچوونێکی دەروونی و تێکچوونی گەشەی کۆمەڵایەتییە کە بەم خاڵانە دەستنیشان دەکرێت.
ـ منداڵی ئۆتیزم درەنگتر لە ھاوتەمەنەکانی دەست بە گفتوگۆ دەکات، یاخود ھەر گفتوگۆی نییە.
ـ یەک جۆر وشە یان جوڵە، دەست ڕاوەشاندن، خۆ ڕاوەشاندن، دووبارە دەکاتەوە بەبەردەوامی، ئەمە پێی دەوترێ stimming, کە لەکاتی ھەڵچوونی دەروونی و ترس و دڵەڕاوکێ لە بابەتێک ئەم ھەڵسوکەوتە دەکات تاکو ھێور ئەبێتەوە.
ـ لەکاتی گفتوگۆدا ناڕوانێت بەڕووی کەسی بەرامبەردا و سەیری چاوی ناکات
ـ لە کاتی گەمە و یاریکردندا زیاتر ئارەزووی تەنیایی دەکات و لەگەڵ ھاوتەمەنەکانی تێکەڵ نابێت
ـ زۆر ھەستیارە بەژینگەی نامۆ و چوونە جێی نوێ وبوونی بابەتی نوێ لەژیانیدا، ئارەزوی دووبارە بوونەوە و ئارامی دەکات
ـ لەکاتی یاریکردندا ئارەزووی دووبارەبوونەوەی ھەمان جۆر یاری دەکات و گۆڕانکاری پێخۆش نییە.
ـ زۆر ھەستیارە بەرامبەر، دەنگ، بەرکەوتن، تام، بۆن و بینین کە ھەرچەندە زۆر ئاساییش دەربکەون لەم لایەنانەوە
ـ گوێ لەکەسانی دەوروبەر ناگرن و سەیریان ناکەن
ـ بەکارھێنانی وشەی نەرێنی وەک ( نابێت، بەسە، مەکە، لاچۆ) زیاتر گوشاری دەروونی درووست دەکات لەسەر کەسانی ئۆتیزتیک و ھەڵچوون درووست دەکات. بۆیە فێرکردن و ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانیان باشترە لەڕێگای نیشاندانەوە بێت وەک بە وێنە، ھەڵسوکەوت، یاریدەدان. 
ـ سەرنجی شتێک نادەن کە کەسانی دییکە ئاماژەی پێ بکەن
ـ لەئامێزگرتن و گوشاریان پێخۆش نییە
ـ یەک جۆر دەنگ بەکاردێنن بۆ دەربڕین وەک گۆرانی، دەنگی ڕۆبۆتی، یاخود ورتەورت کردن
ـ ھەندێکیان گەشکەیان لەگەڵدایە

ھۆکاری ئۆتیزم
 تا ئێستاش زانست نەیسەلماندووە کە ھۆکاری سەرەکی ئۆتیزم چییە بەڵام پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەگەشەی مێشک و بێھێزی توانای پێناسەکردنی ھەستەکانە لەڕێگای دەربڕین و قسەکردنەوە ھەیە.
ئۆتیزم چوارھێندە لە نێرینەدا سەرھەڵدەدات وەک لە مێینە، پەیوەندی نییە بە دین، ڕەگەز، شێوازی ژیان یاخود ئەو ژینگەیەی تێدا پەروەردە بوین.
تا تەمەنی دایک و باوک زیاتربێت ئەگەری ئۆتیزم زیاددەکات لەکۆرپەلەدا، دایکی دووگیان بەبەکارھێنانی مادە کھولییەکان، دەرمانی دژەپەرکەم ئەگەری تووشبوونی کۆرپەلەکەی بە ئۆتیزم زیاد دەکات وەئەگەری بۆماوەیی خێزانی ھەمان کاریگەری ھەیە. 
وەک پێشتر باسمان کرد بایەخدان بە دەستنیشانکردنی ئۆتیزم لە سەرەتای ژیانەوە گرنگی زۆر و کاریگەری زۆری ھەیە بۆ منداڵەکە بۆ نموونە دایک و باوک یاخود مامۆستا و ھاوپۆل و ھاوڕێ زوو ھەست بەم حاڵەتە ئەکەن بۆ نموونە، کەسی ئۆتیزتیک سەرنج دانی بەکۆمەڵی نییە، واتە سەرنجی بۆ شتێک ڕاناکێشێت کە دوو کەس یان زیاتر سەرنجی دەدەن. ئەمەش ھەندێ جار وا دەردەکەوێت کە مامۆستاکانی گلەیی لێ بکەن و بە بێباکی پێناسە بکەن.
ھەروەھا گرنگە ئاماژە بەوەش بدەین کە لە تەمەنی گەورەییشدا پێویستە ئەم حاڵەتە پشتگوێ نەخرێت و بەھەند وەربگیرێت، چونکە زۆر ڕێگا چارە ھەن کە کەسوکاری منداڵانی ئۆتیزتیک دەتوانن سوودی لێ ببینن وەک ڕاھێنان لەڕێگای وێنە، پێدانی فرمان و ڕێگری نەکردن تاکو بتوانن خۆیان کاری ڕۆژانەی خۆیان جێبەجێ بکەن، بەمەرجێ لەلایەن کەسوکارەوە چاودێری بکرێن.

دە خاڵی گرنگ لە زمانی منداڵی ئۆتیزتیکەوە
۱ـ من منداڵم و ئۆتیزم بەشێکە لە من
۲ـ ھەڵسوکەوتی ئاسایی ڕۆژانە وەک بینین، بیستن، بەرکەوتن کە لای تۆ زۆر ئاساییە لەوانەیە بۆ من زۆر بەئازار بێت
۳ـ وە نەبێ من گوێم لێ نەبێ، بەڵام ناتوانم لێت تێبگەم
٤ـ من حەزم بە پلان دانانە، چوونکە ئەگەر پلانی دووبارەم ھەبێ ئەزانم ڕۆژانە چی چاوەڕوانمە
٥ـ تکایە بەراوردم مەکە بە منداڵانی تر، من ژیانێکی تایبەتی خۆمم ھەیە
٦ـ گرانە بۆ من پێت بڵێم چیم دەوێ، چوونکە نازانم چۆن وشەکانم ڕێکخەم
۷ـ بەردەوام بە لەگەڵم، یارمەتیم بدە، کارەکانم نیشاندە، چوونکە من زووتر تێئەگەم کاتێک کردەوە دەبینم
۸ـ یاریدەرم بە تواناکانم پێشخەم، نەک ئەوەی نایزانم بیسەلمێنی بەسەرمدا
۹ـ منیش پێمخۆشە لەگەڵ کەسانی دیکە ھەڵسوکەوت بکەم، بەڵام نازانم چۆن!
۱٠ـ خۆشت بوێم، چونکە بەڵێن بێت دڵت ناشکێنم.

بۆ پەرەپێدانی بەھا کۆمەڵایەتییەکان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا، ئەرکی سەرشانی ھەر یەکێک لە ئێمە ئەوەیە کە بەچاوی ڕێز و ڕازی بوون بەوەی ئۆتیزمیش بەشێکن لە کۆمەڵگا ڕووبەڕووی ئەم بابەتە ببینەوە.
کەسانی ئۆتیزتیک و خانەوادەکانیشیان مرۆڤن و بەشێکن لە کۆمەڵگا، دایک و باوکی ئۆتیزم دەکرێ مامۆستا، پزیشک، بەھرەمەند، پارێزەر، ئەندازیار بن، بەڵام لەبەر تەرخانکردنی ھەموو کاتەکانیان بۆ منداڵە ئۆتیزمەکەیان لەوانەیە بایەخ بە کۆمەڵگا نەدەن و بەھرەکانی خۆیان پشتگوێ خستووە، بۆیە یاریدەدانیان و ناساندنەوەی ئەم ماندوو بوونەیان کارێکی مرۆڤانەیە و لە بەھا کۆمەڵایەتییەکان زیاد دەکات.
با بە چاوی بەزەیی نەڕوانینە ئەم چینەی کۆمەڵ، با لە ئاستی خۆماندا جێیەکیان بۆ بکەینەوە و ڕێزی مرۆڤ بوونیان بگرین، ھاوکار بین بۆ بەئاگاھێنانەوەی چین و توێژە جیاوازەکان لەم بابەتە.

 

ئامادەکردنی : کوردە ئاوات نامق اغا