منداڵێکی تازە لەدایکبووی ئێزیدی بەهۆی هەبوونی گرفت لە دڵیدا و بەمەبەستی چارەسەرکردنی گەیەندرایە نەخۆشخانەی شیبای نزیک لە تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل.
ماڵپەڕی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی کۆرۆنا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو "هەنا"ی تەمەن دوو مانگ کە گرفتی دڵی هەیە گەیەندرایە نەخۆشخانەی شیبا لە ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی بەپەلە.
راشیگەیاند، بەهۆی رێکارەکانی کۆرۆناوە نۆ منداڵی عێراقی نەتواندراون بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی دڵیان بگەیەندرێنە ئیسرائیل لە کاتێکدا دۆخیان مەترسیدارە و دەبێت دەستبەجێ بگەیەندرێنە ئەو وڵاتە.
هەنا لە ٢١ی شوبات لە هەرێمی کوردستان لە بنەماڵەیەکی ئێزدی لەدایکبووە و کێشەی سییەکانی هەیە، ئەمەش بووەتەهۆی ئەوەی گرفت بۆ دڵیشی دروستبکات و نەتوانێت بەشێوەیەکی پێویست خوێن و ئۆکسجین بنێرێت بۆ سییەکانی، ئەگەر بەپەلە نەشتەرگەری بۆ نەکرێت مەترسی لەسەر ژیانی دروستدەکات.
لە ماوەی رابردوودا، رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی رایگەیاند، بە هەوڵی کۆمەڵەی "دڵی منداڵێک رزگار بکە"ی خێرخوازی و بە پشتگیری وەزارەتی هاریکاریی هەرێمایەتی حکومەتی وڵاتەکەی هەشت منداڵی عێراقی کە نەخۆشی دڵیان هەیە، دەگەیەنرێنە سەنتەری "ولفسون"ی تەندروستی لە شاری هولون لە باشووری تەلئەبیبی پایتەخت.