سەردێڕ:

پاش توشبوون بە کۆرۆنا هەستی بۆنکردنت لەدەستدا؟ بەم رێگایە چارەسەری بکە

کلیک بکە بۆ چارەسەر
فۆتۆ: 
2021-03-28

10601 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لە نیشانەکانی توشبوون بە کۆرۆنا بریتیە لە لەدەستدانی هەستی بۆنکردن و بەگوێرەی ئامارێکیش کە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە، ٧٧%ی ئەو کەسانەی توشی کۆرۆنا بوون و چاکبوونەتەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک هەستی بۆنکردنیان لەدەستداوە. ئەی چارەسەر چییە؟


رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، پزیشکەکان ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکەن کە بەهۆی کۆرۆناوە هەستی بۆنکردنیان لەدەستداوە، بە مەبەستی گەڕانەوەی ئەو هەستەیان، رۆژانە دووجار بۆنی گوڵەکانی ناو ماڵ یان هەر بۆنێکی دیکەی بەهێز بکەن.

جیرۆم  ئار لیچن پسپۆڕی لوت و قوڕگ و گوێ لە نەخۆشخانەی زانکۆی برۆکسل و یەکێک لە تیمی ئامادەکاری توێژینەوەکە رایگەیاندووە، پێویستە ئەو کەسانەی توشی کۆرۆنا بوون و هەستی بۆنکردنیان لەدەستداوە، رۆژانە دووجار راهێنانی بۆنکردن ئەنجامبدەن.

بەشێک لە نەخۆشەکان پاش ماوەیەک بۆنی ئەو شتانە دەکەن کە پێش توشبوونیان بە کۆرۆنا بۆنیانکردووە، بەڵام دوای توشبونیان دەگۆڕێت بۆ بۆنێکی ناخۆش.

پزیشکەکان ئەم دیاردەیە بە بارۆسمیا ناودەبەن و دەڵێن، هەرکەس ئەم هەستەی بۆ بگەڕێتەوە واتە دەتوانێت بۆنبکات، بە ئەنجامدانی راهێنانی بۆنکردنی بەهێز دووجار لە رۆژێکدا یارمەتیدەدات هەستی بۆنکردنی بۆ بگەڕێتەوە.

هاوکات، تۆماس هامیڵ توێژەر و پسپۆڕ لە قوڕگ و لوت و گوێ لە زانکۆی تەکنەلۆژیا لە دریسن لە ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە بۆ گەڕانەوەی هەستی بۆنکردن تا ماوەی یەک ساڵ راهێنانی بۆنکردن ئەنجامبدرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، تا ئێستا راهێنان و پرۆگرامێکی زانستی دیارینەکراوە بۆ ئەنجامدانی راهێنانی بۆنکردن، بەڵام پزیشکەکان پێشنیازدەکەن پێویستە لە نزیک سیستەمی خەوتن و شوێنی دانیشتن بۆنی بەهێز هەبێت و نەخۆش بۆ هەرجارێک ٢٠ چرکە بۆنبکات و بۆ ماوەی یەک خولەک بەردەوامبێت.