فۆتۆ:
2021-02-26
3238 جار خوێندراوەتەوە
شارەزایانی بواری خۆراك باس لەوە دەکەن، میوەکان بە گشتی ریشاڵیان تێدایە و ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ سوتاندنی شەکر لە لەشدا و بەشێوەیەکی زۆر هێواش رێژەکەی بەرزدەبێتەوە، هاوکات لە لەشدا هەڵناگیرێت، بەڵام شەکری دروستکراو، هیچ ریشاڵێکی تێدا نییە و هەرس نابێت و لە لەشدا کۆدەبیتەوە و بەشێوەیەکی خێرا ئاستەکەی لەناو خوێندا بەرزدەبێتەوە.
جیاوازی نێوان شەکری دەستکرد و شەکری میوە:
١- شەکری ناو میوە بە هێواشی لەناو ریخۆڵەکاندا دەمژرێت و بەهەمان شێوە دەچێتە ناو خوێن و ئەمەش وادەکات پەنکریاس بەئاسانی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، لە بەرامبەردا، شەکری دەستکرد بە بڕێکی زۆرەوە دەچێتە ناو خوێن و ئەمەش وادەکات پەنکریاس بڕێکی زۆر ئەنسۆلین دەربدات و لە ئەنجامدا ئەو کەسە هەست بە ماندبوونێکی زۆر دەکات.
٢- شەکری ناو میوە با ئاسانی هەرس دەبێت، بەڵام شەکری ناو میوە دەبێتە هۆی هەڵگرتنی چەوری و لە ئەنجامدا کێشی لەش روو لە زیادبوون دەکات و لەوانەشە ببێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی درێژخایەنی وەکو شەکرە و فشاری خوێن، هاوکات کلۆربوونی ددانەکانیش یەکێکە لە کاریگەرییە خراپەکانی خواردنی شەکری سپی.
٣- بەراوردی بڕی شەکری میوە و شەکری دەستکرد، قاپێك شاتوو سێ گرام و نیو شەکر لەخۆی دەگرێت، بەڵام قاپێك دۆندرمەی شاتوو ١٥ گرام لە خۆی دەگرێت.
٤- میوەکان یەکەی خۆراکی پێویستیان تیایە وەکو ڤیتامین و دژەئۆکسانەکان و ئاو، بەڵام شەکری سپی بەتایبەت لەناو خواردنەکانی وەکو کێك و دۆندرمە مادەی کیمیایی لەخۆی دەگرێت کە زیان بە جەستە دەگەیەنن.
٥- گەدەی مرۆڤ توانای وەرگرتنی بڕێکی زۆری شەکری ناو میوەی هەیە، بەڵام توانای بەرگەگرتنی شەکری سپی نییە و توشی گرفت دەبێت وەکو سکچون و هەستکردن بە ماندوێتی.
٦- دوای خواردنی میوە، مرۆڤ هەست بە تێری دەکات و ئەمەش رێگری لە زیادبوونی کێش دەکات، بەڵام دوای خواردنی شەکر بە ماوەیەکی کەم مرۆڤ هەست بە برسێتیەکی زۆر دەکات و بڕێکی زۆر خواردن دەخوات و قەڵەو دەبیت.