فۆتۆ:
2021-02-21
5039 جار خوێندراوەتەوە
چاوگێکی عێراقی رایگەیاند، دەیان سیاسی و سەرکردە پێش ئەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا بگاتە ناوخۆی وڵات وەریانگرتووە، کە وڵاتێکی عەرەبی بە دیاری بۆی ناردوون.
ماڵپەڕی روسیا تودەی لە زاری چاوگێکی عێراقییەوە بڵاویکردەوە، هەزاران ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتووەتە دەست بەشێک لە بەرپرسانی حکومی و سیاسییەکان، کە بە دیاری لە وڵاتێکی عەرەبییەوە بۆیان نێردراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ژەمە ڤاکسینەکان نزیکەی ١٠ هەزارە و بە سیاسییەکان و فەرماندەکانی سوپا و بەرپرسانی حکومەت و کەسایەتییە دیارەکان و بەشێک لە خانەوادەکانیان دراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی دواییدا، توشبوون بە کۆرنا لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشور بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە هەڵکشانکردووە بە تایبەتی لەناو گەنجان و منداڵاندا.
رۆژی هەینیش، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ١٨ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە دەستیان، وتبووشی، لەو بڕەی کە بۆیان هاتووە پشکی هەرێمیشی تێدایە.