سەردێڕ:

ئایا ڤاکسینی کۆرۆنا لە بەفرگری ئاساییدا هەڵدەگیرێت؟

فۆتۆ: 
2021-02-20

1910 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای فایزەر – بایۆنتیک ئاشکرایکرد، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئیدارەی خواردن و دەرمانی ئەمریکی، دەتوانرێت ڤاکسینەکەیان لە بەفرگری ئاساییدا هەڵبگیرێت و بپارێزرێت.


بەگوێرەی زانیارییەکان، ڤاکسینەکە دەتوانرێت لە پلەیەکی گەرمی ئاسایی لە ئامێرەکانی بەفرگر و بەستنی دەرمانخانەکان هەڵبگیرێت و بپارێزرێت.

لە کاتی پەسەندکردنی زانیارییەکانی ئیدارەی خواردن و دەرمانی ئەمریکا، مەرجەکانی هەڵگرتن و پاراستن و گواستنەوەی ڤاکسینی فایزەر- بایۆنتیک ئاسانتردەبێت. لە ئێستادا و بەگوێرەی کۆمپانیاکان دەبێت ڤاکسینەکە لە ٧٠ پلەی سەدەی ژێر سفرەوە هەڵبگیرێت و بپارێزرێت. ئەمەش بۆ ئەو وڵاتانەی ژێرخانی ئابووریان نزمە و پلەی گەرمی تێیاندا بەرزە گرفتی هەڵگرتن و پاراستنی ڤاکسینەکەیان هەیە.

هاوکات، ئەو زانیارییە نوێیانەی خراونەتە بەردەم ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا داوادەکات رێگە بدرێت لەکاتی پێویستدا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ڤاکسینەکە لەو شوێنانەی پلەی گەرمیان لە نێوان ٢٥ بۆ ١٥ پلەی ژێر سفری سەدین لە ئامێری فێنککەرەوەی ئاساییدا هەڵبگیرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە، هەریەک لە کۆمپانیای فایزەر- بایۆنتیک و مۆدێرنا لە ئەمریکا مۆڵەتی بەکارهێنانی ڤاکسینەکانیان بەشێوەی کتوپڕ پێدراوە و بەشێوەیەکی بەرفراوان لەو وڵاتە دابەشدەکرێت و دەست بە کوتانی هاوڵاتیان کراوە.