لە ئێستادا کە وەرزی رووەکی کنگر دەستپێدەکات، بەشێک لە میدیاکانی عێراق چاویان لەسەریەتی و باسی دەکەن. هاوکات، باس لە فرۆشتنی ئەو رووەکە دەکەن لە بازاڕی شارەکانی هەرێمدا. کەواتە سودە تەندروستییەکانی کنگر چییە؟
توێژینەوەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو، کنگر هەریەك لە ڤیتامین ئەی، سی، کەی و چەند جۆرێکی ڤیتامین بی تێدایە. هاوکات، کەمترین بڕی چەورییە تێرەکان و مەنگەنسیۆم و پۆتاسیۆم و بڕێک ئاسن لە خۆیدەگرێت.
گۆڤاری پزیشکی رووەکناسی ئاماژەی بەوەداوە، کنگر لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی کۆلیسترۆڵەوە رێگە لە نەخۆشییەکانی دڵ دەگرێت.
ئاشکراشیکردووە، کنگر ماددەیەکی چالاکی وەکو ئەنسۆلین لە خۆی دەگرێت کە رێژەی شەکر لە خوێندا رێکدەخات و ئەگەرەکانی توشبوون بە نەخۆشی شەکرە کەمدەکاتەوە.
هاوکات، خواردنی کنگر لەوانەیە مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە کەمبکاتەوە، بەڵام توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە.
یەکێکی تر لە سودە تەندروستییەکانی کنگر، چارەسەری گرفتەکانی ریخۆڵە بە تایبەت کۆڵۆن و قەبزی و کەمخوێنی دەکات، هاوکات وەکو چالاککەرێکی بەهێزی سێکسیە.
کنگر رووەکێکی سروشتییە و لە شاخەکاندا و لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی بەهاردا و بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیا و ئاو و هەوای هەرێمی کوردستانەوە دەڕوێت خەڵکی لە رێگەی کەرەستەی تایبەتییەوە هەڵیدەکەنن.