زانایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ھیچ گەرەنتییەک بەرامبەر توشبوونی شێرپەنجە نییە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-29
1792 جار خوێندراوەتەوە
شێرپەنجە، یەکێکە لەو نەخۆشیانەی چەندین قسەی راست و ناڕاستی لەبارەوە دەکرێت کە تەواو جیاوازە لەو پێوەر و بنەمایانەی لەرووی زانستییەوە پشتڕاستکراونەتەوە.
لەو ھۆکارانەی کە بنەمای زانستیان نییە و خەڵک بڕوایان وایە دەبنە ھۆی توشبوونی شێرپەنجە بریتین لە پەستانی دەروونی (%٤٣ بەشداران بەھەڵە پێیانوایە دەبێتەھۆی شێرپەنجە)، ماددەی زیادکراوی خۆراک (%٤٢)، کایەی کارۆموگناتیسی (%٣٥).
شێرپەنجە، یەکێکە لەو نەخۆشیانەی چەندین قسەی راست و ناڕاستی لەبارەوە دەکرێت کە تەواو جیاوازە لەو پێوەر و بنەمایانەی لەرووی زانستییەوە پشتڕاستکراونەتەوە.
بەپێی ئەو ھەواڵە پزیشکییانەی لە ھەردوو ماڵپەری بی بی سی نیوز و بڵاوکراوەی ئەوروپیی بۆ شێرپەنجە بڵاوکراونەتەوە، لەو ھۆکارانەی کە بنەمای زانستیان نییە و خەڵک بڕوایان وایە دەبنە ھۆی توشبوونی شێرپەنجە بریتین لە پەستانی دەروونی (%٤٣ بەشداران بەھەڵە پێیانوایە دەبێتەھۆی شێرپەنجە)، ماددەی زیادکراوی خۆراک (%٤٢)، کایەی کارۆموگناتیسی (%٣٥).
نزیکەی یەک لەسەر سێ بۆ نیوەی سەرجەم حاڵەتە دەستنیشانکراوەکانی شێرپەنجە دەکرێت ڕێگە لە توشبوونیان بگیرێت بەھۆی گۆڕینی رەفتار و شێوازی ژیان وەک جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحول، زیادیی کێش و قەڵەوی، کەمیی جموجۆڵ، خراپی خواردن و بەرکەوتن بە تیشکی سەروبنەوشەیی و ڤایرۆسی مرۆیی پاپیلۆمەڤایرۆس (HPV). واتە نزیکەی ٤ لە ١٠ حاڵەتی شێرپەنجە دەکرێت لەرێگەی گۆڕینی شێوازی ژیانەوە رێگەیان لێبگیرێت. جگەرەکێشان و زیادی کێش و بەرکەوتنی تیشکی سەرووەنەوشەیی لە زۆرترین ھۆکارەکانی توشبوونی شێرپەنجەن کە دەکرێت رێگەیان پێبگیرێت.
ھەرچەندە بەھەڵە تێگەیشتن لە ھۆکارەکانی شێرپەپەنجە مانای ئەوە نییە کەسەکان خاوەنی شێوازێکی مەترسییداری ژیانن، بەڵام ئەوانەی باشتر لە ھۆکارەکانی شێرپەنجە تێگەیشتوون ئەگەرێکی زۆرتریان ھەیە کە جگەرەکێش نەبن و سەوزە و میوەی زیاتر بخۆن.
د.سامۆێڵ سمیس، لە زانکۆی لیدز لە بەریتانیا، دەڵێت "جێگەی نیگەرانییە کە ئەو ژمارە زۆرە لە خەڵک بەھەڵە باوەڕیان بە ھۆکارگەلێکی توشبوونی شێرپەنجە ھەیە کە ھیچ بنەمایەکی متمانەپێکراوییان نییە. بە بەراورد لەگەڵ توێژینەوەکانی پێشتردا دەبینین ژمارەی ئەو کەسانەی باوەڕیان بە ھۆکاری ناڕاستیی توشبوونی شێرپەنجە ھەیە زیادیکردووە لەگەڵ ھاتنی سەدەی نوێدا کە لەوانەیە یەکێک لە ھۆکارەکان گۆڕانکاریی بێت بەسەر شێوازی دەستکەوتنی زانیاریی لەرێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە".
ناوبراو ئەوەشی زیادکرد کە "گرنگە ھۆشیاریی خەڵک لەبارەی ھۆکارەکانی توشبوونی شێرپەنجە بەرزبکەینەوە ئەگەر ئامانجمان یارمەتییدانی خەڵک بێت لە بڕیاردانی دروستتدا لەبارەی ژیانیانەوە و دڵنیابوون لەوەی بەخۆڕایی خۆیان دوودڵ ناکەن".
کلێر ھاید لە رێکخراوی توێژینەوەی شێرپەنجە لە بەریتانیا دەڵێت؛ "ھیچ گەرەنتییەک نییە بەرامبەر توشبوونی شێرپەنجە، بەڵام لەرێگەی زانینی ھۆکارە سەرەکییەکانی شێرپەنجەوە دەتوانین ئەگەرەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکە لە قازانجی خۆمان بشکێنینەوە لەرێگەی کەمکردنەوەی ئەو ھۆکارانەی کە دەتوانین کۆنتڕۆڵیان بکەین، لەجیاتی ئەوەی کاتی خۆمان بە ھۆکاری ھەڵەو چەوتەوە بەفیڕۆبدەین".