بە مەبەستی تێگەیشتن لە دیوی ناوەوەی ھەسارە سورەکە؛ ناسا بە سەرکەوتوویی رۆبۆتێکی بەناوی "ئینسایت" لەسەر ھەسارەی مەریخ جێگیرکرد، ئەمەش ھەشتەمین جارە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا ئامێرێکی ئاسمانیی لەسەر ھەسارەکە جێگیربکرێت کە بە یەکێک لە زەحمەتترین ھەنگاو دادەنرێت لە کۆمەڵەی خۆردا. رۆبۆتەکە، لەلایەن زانستکارانی ئەمەریکی، ئەڵمانیی و فەرەنسییەوە دروستکراوە و لەلایەن ناساوە کاری پێدەکرێت.
دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، لەندەن
بە مەبەستی تێگەیشتن لە دیوی ناوەوەی ھەسارە سورەکە؛ ناسا بە سەرکەوتوویی رۆبۆتێکی بەناوی "ئینسایت" لەسەر ھەسارەی مەریخ جێگیرکرد، ئەمەش ھەشتەمین جارە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا ئامێرێکی ئاسمانیی لەسەر ھەسارەکە جێگیربکرێت کە بە یەکێک لە زەحمەتترین ھەنگاو دادەنرێت لە کۆمەڵەی خۆردا. رۆبۆتەکە، لەلایەن زانستکارانی ئەمەریکی، ئەڵمانیی و فەرەنسییەوە دروستکراوە و لەلایەن ناساوە کاری پێدەکرێت. بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر مەریخ دەمێنێتەوە و لەرێگەی جوڵەپێوێک، ھەستەوەرێکی گەرمیی و ئاریەڵێکی رادیۆییەوە زانیاری لەسەر ناوەرۆکی ھەسارەکە کۆدەکاتەوە. زانستکارەکان ھیواخوازن نیشانەی بومەلەرزەی ناوەکیی و ئاماژەی دیکە لەسەر رابردووی ھەسارەکە بدۆزنەوە؛ بەئامانجی تێگەیشتن لەسەر پێکھاتەکانی و چۆنێتی بەبیابانبوونی مەریخ.

ھێڵکاری رۆبۆتی ئینسایت. فۆتۆ: ناسا / ئەی پی
دوای نیشتنەوەی رۆبۆتەکە بەسەرکەوتوویی کارمەندانی تاقیگەی دەرھاویشتنی جێت لە کالیفۆڕنیا شاگەشکەبوون بە ھەواڵەکە لەبەرئەوەی ھیچ نیشتنەوەیەکی سەر مەریخ ئاسان نییە. لەو چرکەیەی رۆبۆتەکە دەچەتە بەرگەھەوای مەریخەوە بۆ ئەو چرکەیەی دەنیشێتەوە حەوت خولەکی پێدەچێت و لەبەر مەترسیی ئەو کاتە زانستکاران پێیدەڵێن؛ "حەوت خولەک لە تۆقین".
زیاتر لە نیوەی سەرجەم نیشتنەوەکان بە شکست کۆتایی دێن، بۆیە ئەم ھەنگاوە وەک سەرکەوتنێکی گەورە تەماشا دەکرێت لە تێگەیشتن لە ھەسارەکە و کۆمەڵەی خۆر. رۆبۆتەکە لەرێگەی موشەکێکەوە ھەڵدەدرێت بۆ گەیشتن بە بەرگەھوای مەریخ و لەوێ رۆبۆتەکە لە موشەکەکە جیادەبێتەوە.

پێگەی نیشتنەوەی رۆبۆتەکە لەسەر مەریخ (ئیلیسیەم پلانیتیا). فۆتۆ: ناسا
چەند خولەکێک دوای نیشتنەوەکە، ئینسایت یەکەم وێنەی خۆی ناردەوە بۆ ژووی کۆنترۆڵ. ھەسارەی مەریخ زیاتر لە چوار ملیار ساڵە دروستبووە و لەو ماوەیەدا گۆڕانی گەورەی بەسەردا ھاتووە. زانستکاران پێیانوایە سەرەتا رەنگە ھاوشێوەی زەوی بووبێت و خاوەنی بەرگێکی موگناتیزی بووبێت. لەو بارەدا، بەرگە موگناتیزیەکە ھەسارەکەی دەپاراست لە تیشکەکان و ئەمەش بواری ئەوەی پێدەدات کە بەرگەھەواکەی ئەستورتر بوایە لەوەی ئەمڕۆی. بەرگەھەوایەکی ئەستور رێگەی بە کۆبوونەوەی ئاو دەدا لەسەر روکەشی ھەسارەکە.
وێنەکانی سەر مەریخ چوارچێوەی دەریاچە و دەلتای دێرین پیشان دەدەن، بەڵام لە ماوەی سێ ملیار ساڵی رابردوودا ھەسارە سورەکە وشکی کردووە پاش ئەوەی بەرگە موگناتیزییەکە تەنک بۆتەوە و زیاتر لە نیوەی بەرگەھەواکەی بەھۆی خۆرەباوە داڕوشاوە. ئەمڕۆ زانستکاران دەیانەوێت لە ھۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە تێبگەن.