دکتۆر عارف گۆران پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو رایگەیاند، لە کۆی نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس کە تاوەکو ئێستا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کەمتر لە ٣٠ کەسیان بۆ دووەمجار توشی پەتاکە بوونەتەوە.
دکتۆر عارف گۆران پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو رایگەیاند، لە کۆی نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس کە تاوەکو ئێستا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کەمتر لە ٣٠ کەسیان بۆ دووەمجار توشی پەتاکە بوونەتەوە.
دکتۆر عارف گۆران، پسپۆڕی راوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو لە بەریتانیا، وتارێکی بە ناونیشانی "ئایا دهكرێت کەسێک دووجار توشی پەتای کۆرۆنا ببێت؟" بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، کە ئەگەری دووجار توشبوون بە کۆرۆنا زۆر دەگمەنە.
لە وتارەکەیدا، دکتۆر عارف گۆران چەند شیکردنەوەیەکی زانستی خستووەتەڕوو بەم شێوەیەی خوارەوە:
١- ھەر کەسێک توشی ئەو پەتایە دەبێت، بەرگری لەشى دەکەوێتە گەڕ بۆ شەڕکردن دژی ئەو ڤایرۆسە، بەشێک لەو خانانەی بەرگری لەش بریتییە لە خانەکانی جۆری (B-Cell) . کە دژە تەن دروست دەکەن، ئەم دژە تەنانە چەند جۆرێکن بەڵام جۆریIg-G ، کە بەشێوەیەکی گشتی دوای مانگێک لە توشبوون بە كۆڕۆنا لە خوێن بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و له دژهتهنهكانی تر زیاتر لە خوێن دەمێنێتەوە. دیاره رێژەی دژەتەن لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر دەگۆڕێت. ئەوانەی بە توندی توشی ئەو پەتایە دهبن رێژەی دژە تەنیان زیاترە لەو کەسانەی بە سوكی دهیگرن، ھەندێک لێکۆڵینەوە وا نیشان دەدەن، کە ئەو کەسانەی بە سوکی تووشی ئەو پەتایە دهبن، دوای چەند مانگێک رێژەی دژەتەن بە رێژەیەکی بەرچاو لە خوێنیان کەمدەکاتەوە، ھەر لەبەر ئەوەیە ھەندێک کەس باسی ئهگهری توشبوونی كۆڕۆنا دهكهن بۆ جاری دووهم.
٢- ھێڵێکی تری بەرگری لەش بریتییە لە خانەکانی جۆری (T-Cell)، ئەو جۆرە خانانهی بەرگری لەش جۆرێک لە زاکیرەیان ھەیە (Memory T-Cell) ، ئەگەر ڤایرۆسەکە بۆ جاری دووەم بچێتە لەشی کەسێك، كه پێشتر دوچاری ئهو پهتایه بووبێت، ئەو خانانە ڤایرۆسەکە دهناسنەوە و پەلاماری دەدەن، بۆیە ھەندێک لە پسپۆرانی ئەو بوارە لەو باوەڕەدان تەنانەت ئەگەر کەسێک دژەتەنیشی لە خوێن نەبێت، ئەگەری ئەوە ھەیە، کە جۆرێک بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسەکە ھەبێت. لە کاتێک دژەتەن ئەگەری ھەیە بە تێپەربوونی کات کەم بێتەوە، بەڵام ئەو بەرگرییەی لە رێگای تی سێل ھەیە بۆ ساڵانێکی زۆر بەردەوام دەبێت.
٣- ئەو پشکنینانهی بۆ دیاریکردنی پەتای کۆرۆنا بەکاردەھێنرێت و بە شێوەی سامپل لە لووت و قوڕگ وەردەگیرێت (PCR) پەیوەستە بە شیکردنەوەی جینەکانی ئەو ڤایرۆسە و ناتوانێت ڤایرۆسی زیندوو لە مردوو جیابکاتەوە، لە ھەندێک حاڵەتدا سهرباری ئهوهی ڤایرۆسهكه مردووه توانای گوێزرانهوهی نییه، بهڵام دووبارە پشکنین بۆ ماوەی چەند ھەفتەیەک بە پۆزەتیڤ دەردەکەوێت، ئهو دیاردهیه لەلایەن ھەندێک کەس وهك دووبارە توشبونەوە شیکردنەوەی بۆ دهكرێت.
٤- ھەموو لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیهن، لە ئەگەری توشبوون بۆ جاری دووەم، بە شێوەیەکی گشتی سووکتر دەبێت، ھەرچەندە کەسێك لە ئەمریکا بۆ جاری دووەم بە توندی توشی ئەو پەتایە بووهوه، بەڵام وا پێدەچێت ئەو کەسە برێکی یەکجار زۆر لە ڤایرۆسەکە چووبێتە لەشی بۆیە دۆخی تەندروستی خراپ ببوو.
٥- یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ڤایرۆس ئەوەیە، کە زۆر بهخێرایی گهشهدهكهن و زێده دهبن، لهو حاڵهتهشدا ئهگهری ئهوه ههیه گۆڕانکاری بەسەر جینەکانیاندا بێت، ھەر بۆیە ئێستا لێکۆڵینەوەکان خەریکی شیکردنەوەی ئەو دیاردەیەن، ھەر گۆرانکارییەک لە پێکھاتەی ئەو ڤایرۆسە، کاریگەری لەسەر داھاتووی ئهو ڤاکسینه دەبێت، كه بۆ چارهسهری بهرههم دههێنرێت، بۆیه بەشێک لە زانایان لەو باوەڕەدا پەتای کۆرۆنا وەک ئەنفلوەنزا ببێته نەخۆشیەکی وەرزیی و بەھهمان شێوە لە جارێک زیاتر پێویستمان بە ڤاکسین ھەبێت.
٦- ھەرچەندە ماوهی یازدە مانگ بەسەر پەیدابوونی ئەو پەتایە تێپەڕیوە و شارەزاییەکی تارادهیهك باشمان لەسەر پەیداکردووە، بەڵام ھێشتا زۆر شت ھەیە بە تەواوی یەکلانەبووەتەوە، لێکۆڵینەوە زانستیەکان دەربارەی بەرگری لەش بەرامبەر ئەو ڤایرۆسە بەردەوامن و دڵنیام لە داھاتوو زانستی پزیشکی بە ھەموو لایەنهکانی ئەو ڤایرۆسە ئاشنا دەبێت.
٧- وهك ھەمیشە لە پۆستەکانمدا ئاماژهم پێكردووه، ئەو نەخۆشییە نوێیە و تێپەڕبوونی کات وەڵامی بەشێکی ئەو پرسیارانەمان دەداتەوە، کە لە ئێستادا گومانمان لێی ههیه، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو ڤایرۆسە لە ماوەی ساڵانی داھاتوو بۆمان دەردەکەوێت، ئەگەری دووبارە توشبوونەوە چەند و چۆن دهبێت. زۆر شت لە ژیان ، لەمانەش زانستی پزیشکی پێویستی بە کاتە بۆ وەڵامی پرسیارەکان.
٨- تا ئێستا رێکخراوی تەندروستی جیھانی و بەشێکی زۆری زانایان وەڵامێكی یەکلایکەرەوەیان نیە بۆ گەلێک پرسیار، ھەربۆیە ئامۆژگاری ئێمە بۆ ھەر کەسێکی تووشبوو بەو پەتایە ئهوهیه تا بۆی دهكرێت بەردەوامبێت لە رێکارەکانی خۆپارستن، چونکە ئەگەر خۆشت دووبارە توشی ئەو پەتایە نەبیتەوە، ئەگەری ئەوە ھەیه ببیته ھۆکارێک بۆ گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە بۆ کەسانی تر.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، دکتۆر عارف گۆران دەڵێت، "کوردستانیانی خۆشەویست، ھەموو جیھان بە دەست ئەو پەتایە دەناڵێنێت، تاکو پێتان دەکرێت بەردەوامبن لە رێکارەکانی خۆپاراستن، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک پێویست بە شڵەژانی دەروونی ناکات. بۆ ئەوانەی توشی ئەو پەتایەش بوون، ئەوە دڵنیابن لە چەند مانگی داھاتوودا ئەگەری دووبارە توشبوونهوهتان یەکجار کەمە. مرۆڤایەتی دەبێت بەھیواوه چاوەڕوانی پێشکەوتنەکانی زانستی پزیشکی بكات و بهگهشبینیهوه له ئاینده بڕوانین".