لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، کە جگە لە جۆرەکانی نیاندەرتاڵ و دێنیسۆڤا، جۆرێکی دیکەش کە زانایان بە "تارماییە باوانەکان" ناویان بردووە، تێکەڵبوونیان لەگەڵ باوانی راستەوخۆی مرۆڤی ئێستاییدا ھەبووە.
لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، کە جگە لە جۆرەکانی نیاندەرتاڵ و دێنیسۆڤا، جۆرێکی دیکەش کە زانایان بە "تارماییە باوانەکان" ناویان بردووە، تێکەڵبوونیان لەگەڵ باوانی راستەوخۆی مرۆڤی ئێستاییدا ھەبووە.
ئاژانسی ھەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، توێژینەوەکە لەلایەن زانکۆی کالیفۆرنیا بۆ زانستەکانی جینی مرۆڤ و کۆمپیوتەر بەڕێوەچووە و پرۆفیسۆر سریرام سەنکەرارامان سەرپەرشتی کردووە.
پرۆفیسۆر سەنکەرارامان دەڵێت، "توێژینەوەکە بۆ DNA بەشێک لە خەڵکی ناوچەکانی رۆژئاوای ئەفریقا کراوە و تێیدا دەرکەوتووە، جینەکانیان بە رێژەی ٢٪ بۆ ١٩٪ تێکەڵە لەگەڵ جۆرێک لە ھاوژیانی ئەوکاتەیان کە ئێمە چونکە زانیاریی زۆرمان لەبارەیانەوە نییە، ناومان لێناون تارماییە باوانەکان، ئەوەش واتە جارێ بۆمان نەناسراون."
دەشڵێت، "تێکەڵبوونی ئەو جۆرە لەگەڵ باوانی مرۆڤی ئێستای رۆژئاوای ئەفریقا بۆ نزیکەی ٤٣ ھەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە."
ئەمەش لەکاتێکدایە، بۆ ساڵانێکی زۆر وادەزانرا کە تەنیا جۆری نیاندەرتاڵ و دێنیسۆڤا لەگەڵ باوانی راستەوخۆی مرۆڤی ئێستاییدا تێکەڵییان ھەبووە، بەڵام بەپێی ئەم توێژینەوە سەرەتاییە بێت، جۆرێکی دیکەی نەناسراو تێکەڵییان لەگەڵ باوانی راستەوخۆی مرۆڤی ئێستایی ناوچەکانی رۆژئاوای ئەفریقا ھەبووە.
تێکەڵبوونی جۆری دێنیسۆڤا زیاتر لەگەڵ خەڵکی ناوچەکانی باشوری رۆژھەڵاتی ئاسیادا بووە و ئەو تایبەتمەندییەی خەڵکی ناوچەی تبت بۆ ژیان لە بەرزاییەکی زیاتر لە ئاستی رووی دەریاوە ھەیانە، لە دێنیسۆڤاکانەوە بۆیان ماوەتەوە.
ھـ.ب