وێنەی گریمانەیی ئەیپەکە لەلایەن وێنەکێش ئیکومی کایاما
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-11-14
10328 جار خوێندراوەتەوە
زانایانی بواری پەرەسەندنی بوونەوەران، لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا لەسەر شەویلگەی ددانی گەورەترین ئەیپ (بوونەوەری بێ کلکی جیهانی کۆن) زانیاریان لەبارەی یەکێک لە باوانە نزیکەکانی مرۆڤەوە بەدەستهێنا.
زانایانی بواری پەرەسەندنی بوونەوەران، لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا لەسەر شەویلگەی ددانی گەورەترین ئەیپ (بوونەوەری بێ کلکی جیھانی کۆن) زانیاریان لەبارەی یەکێک لە باوانە نزیکەکانی مرۆڤەوە بەدەستھێنا.
گۆڤاری زانستی جیھانی Nature، ڕاپۆرتێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا، لێکۆڵینەوەی نوێی لەبارەی ددانێکی (کاکیلە – خرێ)ی تەمەن دوو ملیۆن ساڵی جۆری جایگەنتۆپیسەکەس بڵاکی (Gigantopithecus blacki)، کە لە ئەشکەوتێکی وڵاتی چیندا دۆزراوەتەوە، بڵاوکردووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا کە بی بی سی-ش بڵاویکردووەتەوە، ئەوە ھاتووە، ئەو جۆرە لە ئەیپ، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٣ بەھۆی تاکە ددانێکی بەبەردبووەوە ناسرا و دواتر دەرکەوت کە لە ٩ ملیۆن ساڵ لەمەوبەردا بوونیان ھەبووە، بەڵام لەو چەند سەد ھەزار ساڵەی پێش ئێستادا، ھێڵی سەرەکی گەشەسەندوی جۆرەکە، بە تەواوەتی لەناوچوون.
لەمبارەیەوە، دکتۆر فریدۆ وێلکەر لە زانکۆی کۆپنھاگن ئەوەی وتووە، "بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانمان لە بەبەردبووەکە، ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە زیاتر لە (ئۆرەنگتن)ەوە نزیکە ھەتا مرۆڤ و چیمپانزی (بەپێی بیردۆزی زانستی پەرەسەندن ئۆرەنگتن، گۆریلا، بونوبۆ، چیمپانزی و مرۆڤی ئێستایی بەرەبابی یەک باوانن لە نزیکی ٦ ملیۆن ساڵ لەمەوبەردا)".
زاناکانی ئەو بوارە، تەکنیکی لە شەبەنگدان بۆ دەرخستنی ریزبەندی پرۆتینیی بەکاردەھێنن و بەوەش زانیاری گرنگ لەسەر تەمەنی بوونەوەرەکە، قەبارەکەی، ژینگە و شێوازی ژیان و زۆر خاڵی دیکەشیان بۆ ئاشکرا دەبێت.
ھاوکات لە ڕاپۆرتەکەدا، درێژی جایگەنتۆپیسەکەس بڵاکی بە سێ مەتر و قورساییەکەشی بە ٦٠٠ کیلۆ مەزندە کراوە.
زاناکانی بواری پەرەسەندن و بایۆلۆجی، بە گرنگییەوە تەماشای ئەم لێکۆڵینەوە نوێیە دەکەن و پێیانوایە بەھۆیەوە دەتوانن بۆ مێژووی دوورتری باوانی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی دیکە بگەڕێنەوە و مەتەڵی ئاڵۆزی پەیدابوونی و ژیان و بوونەوەر بە تەواوی ھەڵبھێنن.
