فۆتۆ:
2019-10-08
8293 جار خوێندراوەتەوە
شێرپەنجە، کە بەشێک لە خەڵکیی وادەزانن نەخۆشییەکی نوێیە، بەڵام دێرینترین تۆماری ئەم نەخۆشییە دەگەڕێتەوە بۆ ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر کە شێرپەنجەی مەمک بووە لەناو یەکێک لە مۆمیاکراوەکانی میسری کۆندا.
شێرپەنجە، کە بەشێک لە خەڵکیی وادەزانن نەخۆشییەکی نوێیە، بەڵام دێرینترین تۆماری ئەم نەخۆشییە دەگەڕێتەوە بۆ ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر کە شێرپەنجەی مەمک بووە لەناو یەکێک لە مۆمیاکراوەکانی میسری کۆندا.
بەم دواییانە، توێژەرێکی ئوسترالی، کە دەشێت مژدەیەکی خۆش بێت بۆ مرۆڤایەتی، ئەوەی سەلماندووە کە دەکرێت خانە شێرپەنجەییەکان لە بۆشاییدا لەناوبچن.
دوای توێژینەوەیەکی سەرکەوتوو دەربارەی ھەلومەرجی خانە شێرپەنجەییەکان لە پلەی سفری ھێزی کێشکردندا لەسەر زەوی، توێژەرە ئوسترالییەکە پلانی ناردنە دەرەوەی خانە شێرپەنجەییەکان بۆ بۆشایی دادەنێت.
دکتۆر جاشوا چۆو توێژەر لە بواری ئەندازەی زیندەپزیشکی، لە زانکۆی تێکنۆلۆجی سیدنی لە ئوسترالیا، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ پێگەی DWی ئەڵمانییدا ئاماژەی بەوە کردووە، توێژینەوەیەکی لەسەر ھەڵسوکەوتی خانە شێرپەنجەییەکان لە ھەلومەرجی ھێزی سفری کێشکردندا کردووە، و چەند خانەیەکی شێرپەنجەیی لە ئامێری تایبەتی مایکرۆگراڤیتی (کە ئامێرێکە ھێزی کێشکردنی زەوی یەکسان دەکاتە بە سفر یان بە نزیک لە سفر)، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر ھێشتووەتەوە و سەرنجیداوە کە زیاتر لە ٨٠%ی خانە توشبووەکان مردوون.
دکتۆر چۆو ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێمە ناتوانین ئامێرێکی موعجیزەئاسا دروستبکەین بۆ چارەسەری شێرپەنجە، لەبەرئەوەی جۆری توشبوونی ھەر خانەیەک لە یەکێکی تر جیاوازە و خانە توشبووەکان بە شێوەی جیاواز کاردانەوەیان ھەیە، بەڵام ئەوەی من بە ڕاستی دەمویست بزانم ئەوەیە کە ئایا خانە شێرپەنجەییەکان ھیچ شتێکی ھاوبەشیان لە نێواندا ھەیە؟ ھەر لەبەر ئەوەش بوو کە خستنمە ناو ئامێری مایکرۆگراڤیتی."
توێژەرەکەی زانکۆی تێکنۆلۆجی سیدنی زیاتر درێژە بە باسکردنی توێژینەوەکەی دەدات و دەڵێت، "ئێمە چوار جۆری جیاواز لە خانەی توشبوو بە شێرپەنجەمان لە بەشە جیاوازەکانی جەستە کۆکردەوە (مەمک، ھێلکەدان، سی و لووت)، خستنمانە نێو ئامێری مایکرۆگراڤیتی. پاشان، ئەوەی کە سەرنجماندا ئەوەبوو کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٨٠% بۆ ٩٠% لە خانە توشبووەکان مردبوون."
دکتۆر چۆو و یەکێک لە خوێندکارەکانی بە ناوی ئەنتۆنی کیرۆڵۆس، پلانی ناردنی خانەی توشبوو بە شێرپەنجەیان ھەیە بۆ وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ISS لە ساڵی ٢٠٢٠دا، لە ئێستادا، لە ھەوڵی دۆزینەوەی میکانیزمێکدان بۆ بەزیندویی ھێشتنەوە بەو بارودۆخەی خانەکان ھەیانە لەسەر زەوی، ھەتا دەگەنە بۆشایی.