وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جی ٢٠ لە ئیتالیا کۆبوونەوە و وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاتند، داوا لەوڵاتانى گروپەکە دەکەن هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتی نایەکسانی لە جیهان بدەن.
ئیتاڵیا میوانداری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی G20 ناسراو بە ٢٠ وڵاتە پیشەسازییەکەی جیهانی کرد، کە ئەمە دوای دوو ساڵە لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆان بەرەوروو کۆببنەوە و کۆبوونەوەکەش لە شاری مێژوویی ماتێرا لە باشوری ئیتاڵیا میوانداری کرا.
لەکۆبوونەوەکدا هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەمریکا، وەزیران و جێگرانی وەزیری دەرەوەی ١٦ وڵاتی دیکەی ئەندامی G20 لەگەڵ نوێنەرانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەشدار بوون، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیرانی دەرەوەی روسیا و چین بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد.
لە وتەیەکدا ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، کۆرۆنا دۆخی نایەکسانی لە جیهان خراپتر کرد و دەبێت بڕە ڤاکسینی زیاتر بگەیەننە وڵاتانی جیهان و وتیشی هاریکاری فرەلایەنە کارێکی سەرەکییە بۆ راگرتنی ئەم قەیرانە تەندروستییە جیهانیە.
بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد، گروپی ٢٠ دەتوانن هاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە بەدابینکردنی ڤاکسینی زیاتر بۆ وڵاتانی هەژار.
لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی G20دا، فراوانکردنی هاریکاری نێودەوڵەتی و فرەلایەنی دژبە پەتای کۆرۆنا و تاقیکردنەوە هاوشێوەکانی تاوتوێ کرا و هەوڵە هاوبەشەکان لە پێناو گەشەپێدانی ئەفریقا لەژێر ناونیشانی بەرەنگاربوونەوەی برسێتی، پەروەردە، گۆڕانی ئاو و هەوا و کۆچ تاوتوێ کرا، سەرباری ئەمانەش، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، "راگەیەندراوی ماتێرا پەسەند بکرێت".
G20 کۆڕبەندێکی ئابوریی جیهانییە و لە ساڵی ١٩٩٠ەوە و ساڵانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوری و داراییەکانی جیهان ساز دەکرێت، ئەندامانی G20 بریتین لە ئەمریکا، چین، یەکێتیی ئەوروپا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، یابان، روسیا، تورکیا، سعودیە، کۆریای باشور، ئەندەنوسیا، هیندستان، باشوری ئەفریقیا، کەنەدا، ئوسترالیا، مەکسیک، بەرازیل و ئەرجەنتین.