سەردێڕ:

بایدن: رێگە نادەم ئێران لەسەردەمی دەسەڵاتی مندا چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت

فۆتۆ: 
2021-06-29

7174 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "لەسەردەمی دەسەڵات و حوکمی مندا رێگە نادەم ئێران چەکی ئەتۆمی بە دەست بهێنێت".


جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەچوارچێوەی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ رۆڤین ریفلین هاوتا ئیسرائیلییەکەی رایگەیاند، هەتا ئەو لە دەسەڵاتدابێت، ئێران نابێتە خاوەن چەکی ئەتۆم.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا بە بەهێزترین شێوە پابەندبوونی خۆی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل جێبەجێدەکات.

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی، "پشتگیری رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبییەکان دەکەم".

جۆ بایدن داوای لە ئیسرائیل کرد، ئاراستەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی بەرەو وڵاتانی ئەفریقاش بڕوات.

ئەمە لەکاتێکدایە، پاش دامەزراندنی بنکەی ئەتۆمی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، بەردەوام ئیسرائیل و ئەمریکا ئەو هەنگاوەی ئێرانیان بر هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دراوسێ و بەرژەونەدییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکایان زانیوە و هەموو هەوڵەکانیان لە پێناو رێگریکردنبووە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە.

بۆ ئەو مەبەستەش لە ساڵی ٢٠١٥ەو لەسەر دەمی باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا بە بەشداری چین و روسیا و یابان و ئەڵمانیا  و بەریتانیا و فەرەنسا و ئێران رێککەوتنی ئەتۆمیان بە ئامانجی هەڵگرتنی سزا سەپێنراوە ئابوری و بازرگانی و داراییەکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا و لەبەرامبەردا ئێران پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامەی موشەکە بالیستییەکانی رابگرێت، واژۆکرد.

هەروەها، رۆژی ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٠، رێككەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرێن لە كۆشكی سپی بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا واژۆكرا.

پێشتریش لە رۆژی ١٣ ی ئاب دۆناڵد ترەمپ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی ئیمارات و ئیسرائیلی راگەیاند و دواتریش لەگەڵ هەریەک لە بەحرەین و سودان و شاننشینی عومان پەیوەندییەکانی ئاسایی کردەوە.

مـ ، کـ

کـ ، ئـ