وتەبێژی کۆشکی سپی لە میانەی کنفرانسی رۆژنامەنووسی رۆژانەیدا لە کۆشکی سپی باسی لە هیرشەکەی دوێنێ شەوی ئەمریکا بۆسەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە سەر سنوری نێوان عێراق- سوریا کرد و دەڵێت، ئامانج لە هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی سنوردارکردنی گرژییەکان بووە.
جێن ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بەگوێرەی بەندی دووی یاسای بەرگری لە هێزەکانی دەرەوەی وڵاتی دەستوری ئەمریکا، بڕیاری ئەنجامدانی هێرشەکەی شەوی رابردووی دەرکردووە و ئامانجی هێرشەکەش کۆگای چەک و ناوەندیی بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بووە.
ناوبراو، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە هێرشەکە بەگوێرەی یاسای ئەمریکا و یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدراوە و رایگەیاند، "بە بڕوای بایدن ئەنجامدانی ئەم هێرشانە پێویست و گونجاون، ئامانجی هێرشەکانیش سنوردارکردنی گرژییەکانی ناوچەکەیە. ئێمە هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانی وڵاتەکەمان لە دەرەوەی وڵات و هاوپەیمانەکانمان دەگرینەبەر".
جێن ساکی، بە "نەخێر" وەڵامی پرسیارێکی دایەوە دەربارەی ئەوەی کە ئەنجامدانی ئەم هێرشە پەیوەندی بە سەردانەکەی سبەینێی سەرکۆماری ئیسڕائیل بۆ کۆشکی سپی هەیە؟
ئاماژەی بەوەشدا، ئێران کۆمەڵێک چالاکی نەرێنی لە ناوچەکەدا هەیە، لەلایەک دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی درێژەی هەیە و لەلایەکی دیکەش هێرش دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، هەربۆیە ئەگەر وەڵامی پێویستی نەدرێتەوە ئەوا لەم چالاکییانەی ناوەستێت.
دوێنێ شەو ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی بۆسەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەسەر سنوری عێراق- سوریا ئەنجامدا و لە راگەیەندراوێکی حەشدی شەعبیدا ئەوە خراوەتەروو کە چوار چەکدار لە هێرشەکەدا کوژراون.
لە بەرامبەریشدا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی سەربازی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هێرشەکەی ئەمریکای ئیدانە کرد و بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق ناوی برد.