سەردێڕ:

سعودیە مەرجێکی نوێی بۆ حەجی ئەمساڵ راگەیاند

فۆتۆ: 
2021-06-28

5411 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی سعودیە رایانگەیاند، هەموو ئەوکەسانەی مەرجەکانی حەج دەیانگرێتەوە و ناویان بۆ ئەنجامدانی ئەو فەریزەیە لەناوخۆی وڵات دەرچووە، دەبێت ژمی دووەمی ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرگرتبێت.


ئاژانسی هەواڵی سعودیە بڵاویکردەوە، وەزارەتی حەج و عەمرەی ئەو وڵاتە جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستبوونی وەرگرتنی ژەمی دووەمی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لەلایەن ئەو کەسانەی ناویان هاتووەتەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە ئەو کەسانە لە کاتی دەرچوونی ناوەکانیان تا ٤٨ کاتژمێری دیکە لە نزیکترین بنکەی تەندروستی لێیانەوە ژەمی دووەمی ڤاکسینەکە وەربگرن و پێویست ناکات جارێکی تر خۆیان تۆماربکەنەوە بۆ نۆرە وەرگرتن.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیە وردەکاری بەڕێوەچوونی فەریزەی حەجی ئەمساڵی راگەیاند، پێوەرەکانیشی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ بریتیبوون لەوەی تەنها دانیشتوانی ناوخۆی سعودیە لەهەموو نەژاد و هەڵگری رەگەزنامە جیاوازەکان دەتوانن فەریزەی حەج بەجێبگەیەنن و ژمارەشیان تەنها ٦٠ هەزار حاجی دەبێت کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٦٠ ساڵدابێت و توشی پەتای کۆرۆنابووبێت وچاکبووبێتەوە یان ١٤ رۆژ بەسەر وەرگرتنی ژەمەی یەکەمی ڤاکسینی دۆژەکۆرۆنادا تێپەڕبووبێت یان پارێزراوبێت و توشی پەتاکەنەبووبێت. بەڵام مەرجە هەموویان ڤاکسین وەربگرن بە هەردوو ژەمی یەکەم و دووەمییەوە.

كـ. ئـ