سەردێڕ:

ئیسرائیل لەبارەی ئێرانەوە ئاگادارییەک دەداتە ئەمریکا

فۆتۆ: 
2021-06-28

2061 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، بە ئانتۆنی بلینکەن-ی راگەیاند کە گومانی جددییان لەسەر دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هەیە.


بەگوێرەی راگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، دوای دامەزراندنی حکوومەتی هاوپەیمانی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی نافتالی بێنێت، یەکەم کۆبونەوەی رووبەڕووی نێوان بەرپرسانی تەلئەبیب و واشنتۆن لە رۆما-ی پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچووە.

پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکەی نێوان لاپید و بلینکەن بریتی بووە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل- ئەمریکا و بەرەوپێشچوونەکانی تایبەت بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

لە کۆبوونەوەکەدا لاپید ئاماژەی بەو جیاوازی بیروڕایانە کردوە کە لە قۆناغی دەسەڵاتی بنیامین ناتانیاهو و باراک ئۆباما روویانداوە و رایگەیاندووە: "لە ساڵانی رابردوودا کۆمەڵێک هەڵە ئەنجامدراون. بەم هۆیەشەوە هەردوو پارتی سەرەکی ئەمریکا (کۆماری و دیموکرات) زەرەرمەندبوون. پێکەوە ئەم هەڵانە راستدەکەینەوە".

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، باسیشی لە دانوستانەکانی تایبەت بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردووە کە لە ئێستادا لە ڤییەنا'ی پایتەختی نەمسا بەردەوامن و وتویەتی: "ئیسرائیل لەسەر دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، گومانی جددی هەیە. پێشمان وایە کە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رێگای قسە کردن لەسەر مشتومڕەکانی تایبەت بەم رێککەوتننامەیە نییە. بەڵکو پێویستە کۆبوونەوەی راستەوخۆ و پڕۆفیشنەڵانەی لەسەر ئەنجام بدرێت".

لە ١٣ی حوزیرانی ئەمساڵدا حکومەتی نوێی ئیسرائیل بە هاوبەشی نێوان یائییر لابید، سەرۆکی پارتی یەش ئاتید و نافتالی بێنیت سەرۆکی پارتی یەمینا پێکهێنرا، بەوەش حکومەت و حکومڕانی ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، کە درێژترین ماوەی سەرۆکایەتی هەبووە، دوای ١٢ ساڵ کۆتایی پێهات.