دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا رایانگەیاند، گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵی سۆماڵی لە شاری فۆرتسبۆرگی ئەو وڵاتە لە سۆپەرمارکێتێکدا بە چەقۆ هێرشیکردە سەر بەشێک لە کڕیاران و لە ئەنجامدا سێ ژنی کوشت و شەشی دیکەی بە سەختی بریندار کرد، شایەتحاڵەکانیش دەڵێن لەکاتی هێرشەکەدا هاواریکردووە و وتوویەتی، "اللە أکبر."
ئەمڕۆ شەممە پۆلیسی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، گەنجەکە خەڵکی سۆماڵە و لە ساڵی ٢٠١٥ بە پەنابەرێتی هاتووەتە ئەو وڵاتە و لە ئێوارەی رۆژی هەینی لە سۆپەرمارکێتێکدا لەکاتی کڕینی پێداویستی ناوماڵ پێش ئەوەی بگاتە لای کاشێرەکە بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر بەشێک لە کڕیارەکان.
ئاماژەی بەوەشداوە، پۆلیسی ناوچەکە تەقەیان لە پیاوەکە کردووە و دەستگیریان کردووە.
لێکۆڵەران رایانگەیاند، لە ئێستادا گەنجە سۆماڵییەکە لە نەخۆشخانەی دەروونی چارەسەر وەردەگرێت. پۆلیسیش دەڵێت، کەسێکی ناوسراو نییە و یەکێک نییە لەو کەسە توندڕەوانەی لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە داواکراو بێت.
شایەتحاڵێک رایگەیاند، لەکاتی هێرشەکەیدا هاوای کردووە "الله أكبر"، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی چەندین پرسیار لەبارەی ئەوکەسەوە بکرێن لەوەی ئەگەری هەیە سەربە گروپێکی ئیسلامی بێت.
یواکیم هێرمان وەزیری ناوخۆی ویلایەتی باڤاریا باسی لەوەکرد، پۆلیس بەردەوامە لەگەڕان و پشکنینەکانی بۆ دۆزینەوەی بەڵگە، لە نێویشیاندا هەردوو مۆبایلەکەی ئەو گەنجە کە بەجێماون، دەشڵێت، "رەنگە گەنجەکە سەر بە گروپێکی توندڕەوی ئیسلامی بێت، رەنگە گرفتی دەرونیشی هەبێت، ناکرێت ئەم دوو بابەتە تێکەڵبکرێن".
هاوکات، ئەنجێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، "بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە کارە ترسناکە دژی مرۆڤایەتی و هەموو ئاینەکانیشە".
لەلایەن خۆیەوە، رۆژنامەی بێڵد دایلی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، پۆلیس لە سەتڵی خۆڵەکانی بەردەم کەسە بێلانەکاندا دەستی بەسەر چەند شتێکدا گرتووە کە بانگەشە بۆ داعش دەکەن، بەڵام پۆلیس دەڵێن، دڵنیانین لە دروستی ئەو زانیارییە رۆژنامەوانیانەی بڵاوکراونەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا چەندین رووداوی هاوشێوە لە ئەڵمانیا روویداوە، خوێناویترینیشیان، رووداوی پەلەماردانی کڕیارانی کەل و پەلی جەژنی لەدایکبوونی کەسێک بوو لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ و تیادا ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا. هاوکات، لە ئەڵمانیا ٦١٥ کەس وەک "کەسە ئیسلامیە مەترسیدارەکان" هەژمارکراون و لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨ ژمارەکە بۆ ٧٣٠ کەس بەرزبووەوە.
كـ. ئـ