بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی وەزیری تەندروستی بەریتانیا لەگەڵ یەکێک لە هاوکارەکانی، دەستی لەکار کێشایەوە.
ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، مات هانکوک وەزیری تەندروستی بەریتانیا، دوای چەند رۆژێک لە بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی و وێنەیەکی لەگەڵ جینا کولادانجیلۆ، یەکێک لە هاوکارەکانی، کە رێکاری خۆپارێزیان شکاندبوو، لە ژێر فشاردا دەستی لەکار کێشایەوە.
پێشتر، رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی چەند وێنەیەکی مات هانکۆک وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتەى بڵاوکردەوە کە تیایدا باوەش و ماچی یاریدەدەرەکەی دەکات.
مات هانکۆک تەمەنی ٤٢ ساڵە و خێزاندارە و باوکی سێ مناڵە، ئەو وێنانەش لە شوێنی کارکردن گیراون، یاریدەدەرەکەشی خۆی دایمەزراندووە.
لەپاش بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیەش داوای لێبوردنی لە خەڵکی کرد و رایگەیاند کە ئەو دورەپەرێزیی کۆمەڵایەتی پێشێلکردووە، خەڵکی هەڵخەڵەتاندووە، لە داهاتووشدا باشتر کاردەکات بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا.