میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، تۆمەتبارى سەرەکى لە کوشتنى جۆرج فلۆید بە زیاتر لە ٢٢ ساڵ زیندانىکردن سزادرا.
دێریک چۆوڤین ئەفسەری پێشووی پۆلیسی مینیاپۆلیس بە تاوانی کوشتنی جۆرج فلۆید، سزای ٢٢ ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
جۆرج فلۆید پیاوێکی رەشپێشتی ئەمریکی بوو، ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٠ لەبەردەم دوکانێک لە شاری مینیاپۆلس لە ویلایەتی مینیسۆتا لە ئەمریکا لەکاتی دەستگیرکردنیدا پۆلیسێک قاچ دەخاتە سەر ملی و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، کە ئەو رووداوە ناڕەزایی و تووڕەیی زۆری لە ئەمریکادا بەدوای خۆیدا هێنا.
رووداوەکە بەم جۆرە بوو، کە پۆلیسێک فلۆیدی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی هێنایە خوارەوە و دەستەکانی کەلەپچە کرد و پاشان "دێرک چاوڤین" کە ئەفسەرێکی پۆلیسە، گەیشتە شوێنی رووداوەکە، بەپێی گرتە ڤیدیۆکان ئەوان هەوڵدەدەن جۆرج فلۆید ببەنە نێو ئۆتۆمبێلی پۆلیس، ئەویش بەرگری دەکات، بۆیە چاوڤینی پۆلیس؛ فلۆید دەخاتە سەر زەوی و قاچی چەپی دەخاتە سەر ملی.
وەک دەردەکەوێت، هەرچەندە فلۆید چەند جارێک دەڵێت ناتوانێت هەناسە بدات، بەڵام ئەفسەرەکە بۆ ماوەی هەشت خولەک قاچی لانابات، تاوەکو فلۆید دەبوورێتەوە، بەپەلە دەبرێتە نەخۆشخانە و لەوێ گیان لەدەستدەدات.
هـ.ئـ