سەردێڕ:

​ئیڤانکا ترەمپ پشت لە باوکی دەکات

فۆتۆ: 
2021-06-25

10776 جار خوێندراوەتەوە

بازنەی ناڕەزایەتییەکان و رەخنەکان لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رۆژ بە رۆژ بەرفراوانتر دەبێت، بەجۆرێک جاران کەسانی رکابەری و نەیاریی سیاسیی و رەخنەگرەکانی خودی رەفتاری دۆناڵد ترەمپ لە هەرە هێما و ئاماژە سەرەکییەکانی بازنەی ناڕەزایەتییەکانی دۆناڵد ترەمپ بوون، بەڵام ئێستا بازنەی ناڕەزایەتییەکان زیاتر لە دۆناڵد ترەمپ نزیکبووەوە و لە نێو کۆشکی سپی و تەنانەت خێزانەکەی خۆیدایە، کە ئەوانیش ئیڤانکای کچی و جارید کۆشنەری زاوایەتی.


بەرپرسانی باڵای پێشووی کۆشکی سپی، ئیدارەی پێشووی ئەمریکا، هاوڕێکانی خێزانەکەی، کەسانی ناسراو و ئەندامی تیمی دۆناڵد ترەمپ قسەیان بۆ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی کردووە و ئاماژەیان بەو ناڕەزایی و گۆڕانکارییانە کردووە کە کەسانی نزیکی ترەمپ بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ دەربڕیوە، لەنێویشیاندا ئیڤانکای کچی و کوشنەری زاوای، هۆکارەکەشی بۆ رووداوەکانی رابردوو دەگەڕێننەوە.

بەگوێرەی وتەی ئەو کەسانەی کە لە چاوپێکەوتنەکەی سی ئێن ئێندا بەشداربوون، هۆکارەکانی دوورکەوتنەوە و ناڕەزایەتییەکانی بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ رەفتارەکانی رابردوویی و کەم توانایی لە بەرەوپێشچوونی خۆی لە دۆخی نوێدا. 

هاوکات، خودی دۆناڵد ترەمپیش پرسیاری لە رۆڵی جارید کۆشنەری زاوای کردووە لەکاتێکدا کە یەکێک بووە لە کەسە نزیکەکانی و لەهەردوو هەڵمەتی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەیدا و دواتریش لە کۆشکی سپیدا رۆڵی سەرەکی لە یارمەتیدانی دۆناڵد ترەمپدا هەبووە.

لەلایەکی تریشەوە، دوو سەرچاوەی باوڕپێکراو ئاماژەیان بەوەکردووە، کە ئیڤانکای کچی ترەمپ خۆی لەباوکی دوور دەگرێت و نیگەرانە لەو قسانەی کە لەکاتی هەڵبژاردنەکەدا کردوویەتی و بە "درۆ" لەقەڵەمیانی داوە.

دوێنێش، دادگای ویلایەتی نیویۆرک مافی کارکردنی پارێزەریی رۆدی جولیانی پارێزەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپی هەڵپەسارد دوای ئەوەی جەختی لەوەدەکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ بەهۆی ساختەوە هەڵبژاردنەکەی لەدەستداوە و سەرکەوتوو نەبووە.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو، کە تیایدا دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن رکابەری سەرەکی بوون و لە ئەنجامیشدا جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکە سەرکەوتوو بوو و بووە ٤٦ـەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە.